مەسرور بارزانی بەشداری لە پرسەی قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانیە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (شەممە، 30-9-2023) دوای بەسەرکردنەوەی بریندارەکانی رووداوەکەی حەمدانیە لە نەخۆشخانەی ئیمێرجینسیی هەولێر، لە قەزای عەنکاوە بەشداریی لە پرسەی قوربانییانی رووداوەکە کرد.
هەریەکە لە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، هێمن هەورامی، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر یاوەری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کرد، سەرەتا سەردانی نەخۆشخانەی ئێمیرجینسی هەولێرییان کرد و لە رەوشی بریندارەکانیان پرسی، دواتر لە قەزای عەنکاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر، بەشدارییان لە پرسەی قوربانییانی رووداوەکە کرد.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، (تویتەری پێشوو)، رایگەیاند، "بريندارانى کارەساتی ئاگركەوتنەوهى حەمدانییەم بهسهركردهوه و هیوای زوو چاکبوونەوەم بۆ خواستن، پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی پێویستم بۆ دووپات کردنەوە."
سەبارەت بە بەشداریکردنی لە پرسەی قوربانییەکاندا مەسرور بارزانی دەڵێت، "بەشداریم لە پرسەی قوربانییانی کارەساتەکە کرد و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم بە بنەماڵەکانیان گەیاند. ئاماژەی بەوەش کرد تەواوی وڵات بەهۆی رووداوە دڵتەزێنەکەی حەمدانیە کاریگەر بوون، ''حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی تەواوی برینداران و ئەو خێزانانە دەکات، کە لە رووداوەکەدا زیانیان پێگەیشتووە."
شەوی سێشەممە، 26-9-2023، کاژێر، 10:30 لە هۆڵی هەیسەم لە قەزای حەمدانیە ئاهەنگی هاوسەرگیریی دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی ئیرڤان و حەنین گۆڕا بۆ شیوەن، لەکاتێکدا بەهۆی پڕیشکی یاری ئاگرینەوە لە چەند چرکەیەکدا تەواوی هۆڵەکە سووتا و لە رووداوەکەدا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر 150 کەسی دیکە بریندار بوون.
بە گوتەی تەندروستیی نەینەوا، تاوەکو ئێستا چارەنووسی چەند بەشداربوویەکی ئاهەنگەکە نادیارە؛ ماوەی چوار رۆژە لە گۆڕستانی قیامە لە قەزای حەمدانیە لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا تەرمی قوربانیانی رووداوەکە بەخاک دەسپێردرێن.