دایک و کچێک لە قەڵادزێوە بە میوانی چوونە سلێمانی و بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

30-09-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
  کەسوکاری قوربانییەکان لە مزگەوت و لەسەر گۆڕی دایک و کچەکە لە قەڵادزێ
کەسوکاری قوربانییەکان لە مزگەوت و لەسەر گۆڕی دایک و کچەکە لە قەڵادزێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای نیوەڕۆی دوێنێ هەینی لە گەڕەکی کوردساتی سلێمانی گەنجێکی 18 ساڵ خۆی لە سێ کەس دا و بەهۆیەوە دایک و کچێک گیانیان لەدەستدا. گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی بە رووداوی گوت، شۆفێرەکە مۆڵەتی نەبووە.
 
کارمەند عەلی، کەسوکاری قوربانییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خوشکم و دایکم لە ماڵی براکەم بوون لە سلێمانی، لە گەڕەکی کوردسات بۆ شتکڕین بە پیادە چوون، لەسەر شۆستەکە ئۆتۆمبێلێک بەهۆی تیژڕۆییەوە لێی داون، بە قەزا و قەدەری خودا رازین."
 
رووداوەکە بەم جۆرە بووە: ئۆتۆمبێلێک کە شۆفێرەکەی گەنجێکی تەمەن 18ساڵە و مۆڵەتی شۆفێری نییە، کۆنترۆڵی لەدەست داوە و خۆی کێشاوە بە سێ پیادەڕۆدا، خەدیجە محەممەدی تەمەن 55 ساڵ و بێریتان عەلیی کچی کە تەمەنی 29 ساڵ بوو، لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە و شۆفێرەکە و کەسێکی دیکەیش بریندارن.
 
ئەو دایک و ژنە خەڵكی قەڵادزێ بوون لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و هەر لە زێدی خۆیان بەخاک سپێردران.
 
ئارام ئەحمەد، کەسوکاری دایک و کچەکە باسی لەوە کرد، "بۆ هەواگۆڕکێ و تەندروستیی خۆی، پوورم و کچەکەی ویستوویانە سەردانی بازاڕ بکەن، ئۆتۆمبێلێکی جێب لەوێ هەردووکیانی شێلاوە و گیانیان لەدەستداوە. چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون."
 
لە کەمتر لە 24 کاژێری رابردوودا بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە تەنیا لە پارێزگای سلێمانی، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەمە بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

  ئەبوبەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر.

قایمقامی پشدەر: هەرێمی کوردستان کەوتووەتە سەر هێڵی ترانزێتی مادەی هۆشبەر

قایمقامی قەزای پشدەر دەڵێت، بەهۆی بۆشایی خاڵە سنوورییەکان، بازرگانانی مادەی هۆشبەر بە ئاسانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ گوتیشی، ''پێچەوانەی بۆچوونی باو، ناوەندی شارە گەورەکان شوێنی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرە و ئالوودەبووانە، نەک ناوچە سنوورییەکان.''