گەورەترین کۆگەی خواردنەوە کحولییەکان لە سۆران سووتا؛ '10 ملیۆن دۆلار زیانم کردووە'

01-10-2023
ئەندام جەبار
سووتانی کۆگەیەکی مادەی کحوولی لە سۆران
سووتانی کۆگەیەکی مادەی کحوولی لە سۆران
نیشانەکردن مادەی کحوولی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە سۆران گەورەترین کۆگەی خواردنەوە کحولییەکان ئاگری گرت و بە تەواوی سووتا، بەشێوەیەک تەنانەت یەک بووتڵیش بە ساخی دەرنەچوو. خاوەنی کۆگەکە دەڵێت، "10 ملیۆن دۆلار زیانم کردووە و هیچم بۆ دەرنەچوو."
 
کۆگەکە هەزاران بووتڵە وێسکی، عارەق، شەمپەین و ڤۆدکای تێدابوو، لەوێوە بەسەر هەموو ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکەدا دابەش دەکرا. تەواوی کۆگەکە سووتا و ئەو بووتڵانەی نەشکابوون و نەسووتابوون، لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا شکان و هیچیان نەگەیشتنەوە بە دەستی خاوەنەکەی.
 
لەگەڵ شکانی شووشەی خواردنەوەکاندا، خواردنەوە کحولییەکان لەسەر شەقامەکە جۆگەلەی بەستبوو، وەکو باس دەکرێت تاوەکو چەند کاژێرێک، بۆنی ڤۆدکا و وێسکی قەزای سۆرانی گرتبوو. هۆکاری ئاگرەکەش، کارکردن لە دووکانێکی تەنیشت کۆگەکە بووە، کە ویستوویانە سەقفی دووکانەکە بە مادەی ئیزوگام رووپۆش بکەن، لە کاتی کارکردنی پەرەمێزدا ئاگرەکە گەیشتووەتە کۆگەکە، راستەوخۆ کۆگەکە ئاگری گرتووە.
 
هاونیشتمانییان شان بەشانی تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵدابوون تاوەکو ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و بکوژێنرێتەوە، ئەو کەسانەی لە نزیکی رووداوەکە بوون باسیان لەوەکرد کە لە کاتی ئیزوگامکردنی دووکانی تەنیشت کۆگەکە، ئاگرەکە کەوتووەتەوە. 
 
راستی عوسمان، شایەتحاڵێکە بەر لە دروستبوونی ئاگرەکە لە شوێنەکە بووە، بە رووداوی گوت، "ئاگرەکە لە ئیزوگام دروست بوو، کۆگەیەکیان هەیە لە تەنیشتی ئەو دوو کۆگە گەورەیە بە پلێت دروست کراوە، ئیزوگامیان لێیدابوو، مادە کحولییەکانیش زوو گڕدەگرن، ئەمەش هۆکاری رووداوەکە بوو." 
 
بەر لەوەی بەرگریی شارستانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، خەمڵاندن بۆ زیانی ئاگرەکە بکات، خاوەنی کۆگەکە بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی، بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار زیانی کردووە و "سێ کۆگەی گەورەمان کە پڕبوون لە مەشرووب سووتا، ماڵوێران بووین، هۆکارەکەشی ئەو وەستایەبوو ئیزوگامی دەکرد، پێمان گوتبوو کە ئاگرەکە نزیکی کۆگەکە نەکاتەوە، بەڵام نزیکی کردووەتەوە و کۆگەکە ئاگری گرتووە."
 
کۆگەکە گەورەترین کۆگەی ناوچەکە بووە و شوێنی دابەشکردنی سەرجەم مادە کحولییەکانی ناوچەکە بوو، بە سووتانی ئەم کۆگەیە پێشبینی دەکرێت مادە کحولییەکان لە ناوچەکەدا گران ببێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە