مەسرور بارزانی و پلاسخارت جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکەنەوە

30-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و  نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق تاوتوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستان دەکەن. 
 
رۆژی شەممە، 30ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی ئێکسدا وێنەیەکی خۆی و جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقی بڵاوکردەوە و لەسەری نووسی: "نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هەمیشە رۆڵێکی گرنگی لە دەستەبەرکردنی هەڵبژاردنی باوەڕپێکراو و شەفاف هەبووە." 
 
مەسرور بارزانی دەڵێت، "ئەمڕۆ تاوتوێی چۆنییەتی یارمەتیدانی نێردەکەمان کرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستان لە 25ـی شوباتی ساڵی داهاتوودا.. قسەشمان لەبارەی پێشڤەچوونەکانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا کرد." 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا "دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و گرنگیی دەستەبەرکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران."
 
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەکو لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆی لە 25-02-2024، کرایەوە.
 

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و جێنین هێنیس پلاسخارت.

 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی 03-08-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی 09-10-2022 پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی 2023 درێژکردەوە، رۆژی 30-05-2023 دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەر شتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە."

 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەریاچەی ورمێ

ئاوی دەریاچەی ورمێ 6 سانتیمەتر زیادی کردووە

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئاوی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بەراورد بە کاتی هاوشێوەی ساڵی رابردوو 6 سانتیمەتر زیادی کردووە