کۆڵبەرێک لە سنووری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژرا


رووداو دیجیتاڵ

هێزی پاراستنی سنووری ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان تەقەی لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و کۆڵبەرێک گولـلەی بەرکەوت و گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، شەوی، 29-09-2023، هێزەکانی پاراستنی سنووری ئێران، بێ ئەوەی هۆشداری بە کۆڵبەرەکان بدەن، لە نزیکەوە تەقەیان لێیان کردووە و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێک بەناوی محەممەد خالیدی، خەڵکی گوندی چی چۆڕان سەر بە شاری بانە کوژراوە.
 
تۆری مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت، تەنیا لە یەک مانگی رابردوودا لانیکەم 6 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی بانە لە پارێزگای سنە، سەردەشت و چاڵدێران لە پارێزگای ورمێ بەهۆی تەقەی هێزەکانی پاراستنی سنووری ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
بەپێی راپۆرتی کۆڵبەرنیووز، لە شەش مانگی رابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێ 13 کۆڵبەر بە هۆکار جیاواز گیانیان لەدەستداوە و 72 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
 
کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا زۆرە. کۆڵبەرەکان دەڵێن، بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری و نەبوونی هەلی کار و تەنیا بۆ دابینکردنی بژێوی بە ناچار روو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن.
 
لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا تاوەکو ساڵی 2017 ژمارەیەک دەروازەی نافەرمی بۆ کاری کۆڵبەری هەبوو، کە کۆڵبەرەکان کەلوپەلیان لێیانەوە دەگواستەوە، بەڵام حکومەت ساڵی 2017 رایگەیاند دەیەوێ سنوورەکان رێکبخات و تا رێکخستنەوەی سنوورەکان دەروازە سنوورییەکانیش دادەخرێن.
 
بە تێپەڕبوونی 6 ساڵ و سەرەڕای بەڵێنی زۆری بەرپرسان، هێشتا رێڕەوە سنوورییە کۆڵبەرییەکان نەکراونەتەوە و هەوڵەکانی حکومەتیش بۆ رێگری لە کاری کۆڵبەری سەرکەوتوو نەبوون.