قایمقامی کۆیە: بەهۆی بۆردوومانەکەی ئێرانەوە 600 بۆ 700 خێزان ئاوارە بوون

30-09-2022
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن بۆردوومانی بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-
رووداو - هەولێر 

قایمقامی قەزای کۆیە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە لەنێوان 600 بۆ 700 خێزانی کامپی ئازادی و دانیشتووانی گوندی شیلە ئاوارەی نێو کۆیە بوون و دەشڵێت: "بەهۆی مەترسیی بۆردوومانکردنەوە هێشتا ناوچەکە قەدەخەکراوە و کارمەندانی دەزگا خزمەتگوزارییەکان ناتوانن بچنە ناوچەی بۆردوومانکراو؛ بۆیە زیانە داراییەکانیش نازانرێن."
 
رۆژی هەینی 30ـی ئەیلوولی 2022، تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە لەبارەی بۆردوومانەکەی رۆژی چوارشەممەی سوپای پاسدارانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی مووشەکباران و هێرشە درۆنییەکەی رۆژی چوارشەممەی ئێرانەوە بۆ سەر کامپی ئازادی لە کۆیە، لەنێوان 600 بۆ 700 خێزانی کامپەکە و دانیشتووانی گوندی شیلە بۆ نێو شاری کۆیە ئاوارەبوون و خەڵکی کۆیە لەماڵ و شوێنەکانی خۆیان جێگەیان بۆ کردوونەتەوە. بەشێکی ئەو ئاوارانە دانیشتووی گوندی شیلەن کە نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە کامپی ئازادییەوە دوورە."
 
قایمقامی قەزای کۆیە باسی لەوەشکرد کە "بەهۆی ئەوەی ئاوارەکان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و کەمترین پێداویستییان لەگەڵ خۆیان بردووە، ماڵی وا هەیە لە قەزای کۆیە جێگەی دوو بۆ سێ خێزانی ئاوارەی لە خانووی خۆی کردووەتەوە."
 
رۆژی 28-09-2022 سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر بارەگای پێشمەرگە و کامپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەو هۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاد لە 50 کەسیش بریندار بوون.
 
سەبارەت بە ناوچەی بۆردوومانکراو لە کامپی ئازادی، قایمقامی کۆیە کە یەکێکە لە قەزاکانی سەر بە پارێزگای هەولێر، گوتی" ناوچەی بۆردوومانکراو ئێستا شوێنێکی قەدەخەکراوە و هاتووچۆی بۆ ناکرێت. بەهۆی مەترسیی هێرشکردنەوە سەری و مووشەکبارانکردنییەوە یان هێرشی درۆنی، ناتوانرێت هاتووچۆی بۆ بکرێت، لەبەر ئەوەشە ناتوانین ئەو خزمەتگوزارییانەی تێكچوون وەکو هێڵەکانی کارەبا و بۆری ئاو و شتی دیکە چاکبکەینەوە؛ تەنانەت ناشتوانین زیانە داراییەکان بخەمڵێنین کە بەهۆی هێرشەکەوە کەوتوونەتەوە."
 
 
 
قایمقامی کۆیە لەبارەی ژمارەی گیانلەدەستداوان و بریندارەکانی مووشەکباران و هێرشە درۆنییەکەی رۆژی چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2022ـی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان گوتی " ئەوەی لای ئێمە بەفەرمی لە نەخۆشخانە تۆمارکراوە، تاوەکو ئێستا 9 کەس بەهۆی بۆردوومانەکەوە لە کۆیە شەهید بوون و 24 کەسیش برینداربوون."، ئەوەشی نەشاردەوە هێشتا ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان هەیە، چونکە گوماندەکرێت هێشتا لەژێر داروپەردووی خانوو و شوێنە رووخاوەکاندا کەسی دیکە مابێت.
 
بەرپرسی یەکەمی یەکی کارگێڕیی قەزای کۆیە سەبارەت بە سەردانیکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ ناوچەکە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر هێرشەکە و پاساوەکانی، گوتی" تاوەکو ئێستا هیچ لیژنەیەک لە هیچ شوێنێکەوە، ئیدی هەرێمی کوردستان بێت یان عێراق یان دەرەوە سەردانی شوێنی بۆردوومانکراوی نەکردووە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە