هەپەگە کوژرانی 6 سەرباز و سوپای تورکیا گیانلەدەستدانی 3 گەریلای راگەیاند

30-09-2022
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە بڵاویکردەوە، لە ناوچەی ئاڤاشین شەش سەربازی تورکیا کوژراون؛ سوپای تورکیاش گیانلەدەستدانی سێ گەریلای لە خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە کە رۆژی هەینی 30ی ئەیلوولی 2022 بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە 24 کاژێری رابردوودا لە ناوچەی ئاڤاشین رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە، لە ئەنجامدا شەش سەربازی سوپای تورکیا کوژران. 
 
هەر رۆژی هەینی، وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی سێ گەریلای لە خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند و گوتی، گەریلاکان لە چیای گارە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج. 
 
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 396 گەریلا و کوژرانی 61 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 90 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 116 گەریلای راگەیاندووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە