رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لە 93٪ی کارتی بایۆمەتری وەرگیراونەتەوە و ئێستا دهۆک لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە.
خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، رێنماییەکانیان دەرکردوون بۆ بانگەشەکردن و دراونەتە بەربژێرەکان، تائێستاش بانگەشە زۆر ئارام و باشە و سەرپێچی زۆر کەمبووە و زۆرینەی بەربژێرەکان پابەندن.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەبارەی سەرپێچی بەربژێرەکانیش دەڵێت، دوای نووسراوێکی شارەوانیی دهۆکیش کە 10 بەربژێر سەرپێچیان کردبوو، لەماوەی 24 کاژێر ئاگادارمان کرنەوە، 7 کەسیان پابەندبوون و لایان بردن، بەڵام سێ کەسیان پابەند نەبوون، بۆیە ئێمە کۆمیسیۆنی باڵامان ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەی سزا بدرێن، سزاکەش لە 250 هەزارەوە تا ملیۆنێک دەبێت. هەر بەربژێرێک 3 ملیۆن دیناری لێوەرگیراوە و خراوەتە سەر هەژمارێکی بانکی، دوای هەڵبژاردنەکان ئەگەرسەرپێچی کردبێت لەو پارەیە سزاکەی دەگێڕدرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان گوتی: "هەندێک بەربژێر پەیوەندیان کردووە، کە پۆستەرەکانیان دڕاون، بەڵام دەبێت بەربژێر لە دادگە سکاڵا تۆمار بکات، ئەگەر بەڵگەی هەبوو و سەلماندی ئەو کەسەی پۆستەرەکانی دڕاندووە، سزادەدرێت کە لە ملیۆنێک تا سێ ملیۆن دەبێت و هەندێکجاریش سزای زیندانیکردنیش دەبێت، بەڵام هیچ بەربژێرێک بە فەرمی سکاڵای نەکردووە و تەنیا پەیوەندییان بەمنەوە کردووە".
لەبارەی وەرگرتنەوەی کارتەکانی دەنگدانم خالید عەباس گوتی:" لە پارێزگای دهۆک 93٪ کارتی بایۆمەتری وەرگیراونەتەوە، دهۆک یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق و تەنیا 43 هەزار کارتمان ماون، تا رۆژی 3ی 10 دابەشکردنی کارتەکان بەردەوام دەبێت و دوای 3ی مانگ کارتەکان دەنێردرێنەوە بەغدا و لە تۆماری بایۆمەتری دەسڕێنەوە تا دوای هەڵبژاردنەکان، دەنگدەران دەتوانن بە کارتی بایۆمەتری و بە کارتی ئەلیکترۆنی دەنگ بدەن، بەڵام بۆ کارتی ئەلیکترۆنی دەبێت دوو بەڵگەنامەی دیکەی پێبێت و بە هەر دەپەنجەش پەنجەمۆر بکات" .
لەبارەی فرۆشتنی کارتی دەنگدان لەلایەن دەنگدەرانەوە، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆن گوتی: "فرۆشتنی کارتی دەنگدان زۆر راست نییە، چونکە هیچ کەسێک ناتوانێت لە جیاتی کەسی دیکە دەنگ بدات، چونکە پەنجەمۆری جیاوازە، بۆ کارتی ئەلیکترۆنیش هەرە دە پەنجە وەردەگیرێت، تا کەس نەتوانێت دووجار دەنگ بەیەک کارت بدات".
هەروەها بۆ دەنگدانی ئاوارەکانی پارێزگای دهۆک ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن گوتی: "ئاوارەکانی پارێزگای دهۆک کە نزیکەی 80هەزارن، 31 بنکەیان بۆ کراوەتەوە، 22 بنکە لەنێو کەمپەکان دەبێت و 9 بنکەش لەدەرەوەی کەمپەکان دەبن، واتە 168 وێستەگەیان لە ناو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان دەبێت، رۆژی 8ی مانگ دەنگ دەدەن و کە دەنگیان دا کارتی دەنگدانیان لێوەردەگیرێتەوە تا دوای هەڵبژاردن کارتەکان دەنێردرێنە بەغدا."
خالید عەباس ئاماژەی بەوەشکرد کە راهێنانیان بە هەموو کارمەندەکان کردووە، سێ جۆر خولیان هەن، ژمارەیەک کارمەندیشیان کە خولیان دیووە کاریان چارەسەری کێشەی ئامێرەکانی دەنگدان دەبێت لە رۆژی هەڵبژاردن، کە لە دهۆک 41 تیم هەن و 81 کەسن، کاریان ئەوەدەبێت بەدواداچوون بۆ کێشەی ئامێرەکانی دەنگدان دەکەن.
هەروەها ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی شارەوانیی دهۆک بەرادیۆی رووداوی راگەیاند، بەهۆی هەندێک پۆستەری بەربژێرەکانەوە لەسەرەتای دەستپێکردنی بانگەشە رێگری لە ئاودانی باخچەکانی دهۆک کرابوو، بۆیە ئێمە بەنووسراوێک کۆمیسیۆنمان لەوە ئاگادارکردەوە.
ئێمە لە شارەوانییەکان تیمی تایبەتمان هەن و رۆژانە چاودێری بەربژێرەکان دەکەن، بۆ ئەوەی لەدانانی پۆستەرەکانیان سەرپێچی نەکەن.
بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی شارەوانیی دهۆک گوتی:" ئەو پۆستەرانەی بە ئاسن دروستکراون و لە باخچەکان دانراون، ئەگەر ماوەیەکی درێژ بمێننەوە زیانیان بۆ باخچەکان دەبێت. داوادەکەین دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان بەربژێرەکان هاوکارمان بن بۆ لابردنی ئەو پۆستەر و ریکلامانەی هەڵبژاردن، چونکە لابردنیان زۆر ئاسان نییە، بۆیە هیوادارم هەرکەسەو هی خۆی لاببات، بەڵام ئەگەر لایان نەبات دوای ماوەیەک کە کۆمیسیۆن دیاریدەکات، ئەوکات شارەوانی لایدەبات و بەربژێرەکە سزادەدرێت ئەگەر لای نەبردبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ