یه‌كێتیى پیاوان: لە هەشت مانگی رابردوودا 47 پیاو خۆیان کوشتووە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
سکرتێری رێکخراوی یەکێتیی پیاوانی کوردستان دەڵێت ئەمساڵ تووندوتیژیی بەرامبەر پیاوان لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و خۆکوشتنیش بووەتە نزیکەی دوو هێندە. ئاشکراشی کرد ئەمساڵ 5 پیاو لەلایەن هاوژینەکانیان کوژراون.
 
بورهان عەلی فەرەج، سكرتێری یەكێتیی پیاوانی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ئەمساڵ بەهۆی بەرکەوتنی زیاتری نێوان ژن و مێرد و مانەوەی پیاو لە ماڵەوە، بەکارهێنانی تووندوتیژی جۆراوجۆر بەرامبەریان زیادی کردووە، تەنیا لە رێگەی نووسینگەکانی ئێمە لە پارێزگا و قەزاکان 486 پیاو سکاڵایان لە دژی هاوژینەکانیان تۆمار کردووە. ئەگەر ئەم چەند مانگە قەدەخەی هاتووچۆ و کەرەنتین نەبووایە، ژمارەی سکاڵاکانی پیاوان زۆر زیاتر دەبوون".
 
لەبارەی حاڵەتەکانی کوشتنی پیاوان بە دەستی ژنەکانیان و خۆکوشتنیش، سكرتێری یەكێتیی پیاوانی كوردستان گوتی: "تاوەکو سەرەتای مانگی 9ی ئەمساڵ 47 پیاو خۆیان کوشتووە، کە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ ساڵی رابردوو، ژمارەکە نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە، چونکە لە 9 مانگی ساڵی رابردوودا 26 حاڵەتی خۆکوشتنی پیاوان تۆمارکراون". هەروەها ئاشکرای کرد ئەمساڵ پێنج پیاو لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون.