وەزارەتی پێشمەرگە: ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە مەشقپێكردنی پێشمەرگە

رووداو- هەولێر
سوپای ئەمریكا رایگەیاند، كە بە هەموو شێوەیەك پشتگیریی لە پلانی رێكخستنەوە و مەشقپێكردن و پڕچەككردنی پێشمەرگە دەكات و دڵنیاییدا، كە هاوكارییەكانیان لە رووی مەشق و لۆجستییەوە درێژەی دەبێت.
ئەمڕۆ 30-9-2014 مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژەنەراڵ چارڵی مۆر جێگری بەرپرسی نووسینگەی ئاسایشی سوپای ئەمریكا لە عێراق و كۆڵۆنێڵ فریمان نوێنەری سوپای ئەمریكا لە نووسینگەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە هەولێر كۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاتە سەربازییەكانی ناوچەكە و پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە و چۆنێتی گەیشتن و وەرگرتنی هاوكارییە سەربازییەكانی وڵاتانی هاوپەیمان بۆ پێشمەرگە باسیان لێوەكرا.
هەر بەپێی راگەیێنراوەكە مستەفا سەید قادر لە كۆبوونەوەكەدا سوپاسی هاوكاری و پاڵپشتی سەربازی و لۆجیستییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردووە، كە بە شێوەیەكی خێرا پشتگیرییەكانیان بۆ پێشمەرگە راگەیاند و ئێستاش لە مەیداندا هاوكار و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەن.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا كە ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزارەت و جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە تێیدا ئامادەبوون، ئالیەتێكی نوێ بۆ رێكخستنەوەو مەشقپێكردن و پڕچەككردنی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوە كرا و شاندی سوپای ئەمریكا رایانگەیاندووە، كە بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لەو پلانە نوێیە دەكەن و لە رۆژانی ئایندەیشدا كاری زیاتر لەسەر ئەم پرسە دەكەن و دڵنیاییشیان داوەتە وەزارەتی پێشمەرگە، كە وڵاتانی هاوپەیمانان لە سەرووشیانەوە ئەمریكا، هاوكارییەكانی لە رووی مەشق و لۆجستییەوە درێژە پێبدات.