کەشناسیی سلێمانی: هەفتەی داهاتوو پلەی گەرما دادەبەزێت

30-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پێشبینی دەکرێت لە هەفتەی داهاتووەوە پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان و عێراق دابەزێت. بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی دەڵێت، هەرێمی کوردستان لە رووی کەشوهەواوە دەکەوێتە نێو وەرزی پاییز.
 
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پلەی گەرما، بەتایبەت لە شەواندا لەگەڵ پلەی گەرمای رۆژانی رابردوو جیاوازییەکی دەبێت. ئێستا هەست بە دابەزینی پلەی گەرما، بەتایبەت لە شەواندا دەکرێت". 
 
ئاسۆ کەمال گوتی، "لەرووی کەشوهەواوە لە رۆژی یەکشەممە 1ـی ئەیلوولەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێو وەرزی پاییزەوە، هەرچەندە خۆی رۆژی 22ـی مانگی ئەیلوول دەکەوینە نێو وەرزی پاییز، بەڵام ئیدی هەست بە دابەزینی پلەی گەرما دەکرێت". 
 
پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو بەراورد بەم هەفتەیە پلەی گەرما 2 بۆ 3 پلە دابەزێت. 
 
لەو بارەیەوە عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت، "هەفتەی داهاتوو پلەی گەرما دادەبەزێت. دابەزینەکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زیاتر هەستپێکراو دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت پلەی گەرما بۆ خوار 40 پلە دابەزێت و تاوەکو کۆتایی مانگی داهاتوویش هەفتانە و رۆژانە هەست بە دابەزینی پلەی گەرما دەکرێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە