لە رووداوێکی ھاتووچۆدا لە سنووری شێخان کەسێک گیانی لەدەستدا و 7ـی دیکە بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سنووری ناحیەی قەسرۆکی قەزای شێخان، منداڵێک گیانی لەدەستدا و 7 کەسی دیکە بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، "رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی روویداوە و لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل بووە، ئەو منداڵەی گیانی لەدەستداوە کچێکی تەمەن یەک مانگە بە ناوی (دێژین رێبەر) و خەڵکی ناحیەی قەسرۆکە".
تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ئەم ساڵ و ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.
بەگوێرەی پۆلیسی هاتووچۆ، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ دوو هەزار و 909 رووداو بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوە بووە، لە کۆی رووداوەکاندا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.