رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەى پەلەوەرخانەكانی سلێمانی و گەرمیان دەڵێت، بڕیاریان داوە لە دادگاى فیدراڵیى عێراق سکاڵا تۆماربکەن، ئەوەش بەهۆى ئەو ئاستەنگەی بازگەکانی عێراق بۆ بەرهەمی هاونیشتمانیان بۆ شارەکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق دروستی دەکەن.
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی پەلەوەرخانەكانی سلێمانی و گەرمیان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەند ساڵێکە کێشەمان لە بازگەکانی حکومەتی عێراق هەیە. تاوەکو ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە وەک پێویست کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکەن؛ بۆیە رۆژی شەممە لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای یاسایی لەسەر بازگەکانی حکومەتی فیدراڵی تۆماردەکەین کە رێگرن لە بردنی مریشک بۆ شارەکانی دیکەی عێراق".
نازم عەبدوڵڵا گوتیشی، "بۆ هەر بارێکی مریشک کە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ شارەکانی عێراق دەڕوات، لە بازگەکانی عێراق 2 ملیۆن و نیو بۆ 3 ملیۆن دینار لە خاوەن پەلەوەرخانەكان وەردەگیرێت".
سەبارەت بەو گرفتانەی لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان رووبەڕوویان دەبێتەوە، سەرۆكی كۆمەڵەی پەلەوەرخانەكانی سلێمانی و گەرمیان دەڵێت، "بەگوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی پەلەوەرخانەكاندا دەبێت خاوەنی پەلەوەرخانەکە بۆ هەر کرێکارێک کە کاری بۆ دەکات 250 هەزار دینار بە حکومەت بدات، جگە لەوەی پارە بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی پەلەوەرخانەكەی لێوەردەگیرێت".
نازم عەبدوڵڵا دەشڵێت، "سەرەڕای ئەو کێشە و گرفتانەی یەخەی خاوەن پەلەوەرخانەكانی گرتووە، ڤایرۆسێک کە لە جۆری ئای بی نیوکاسڵە بڵاوبووەتەوە و نیوەی مریشکی نێو پەلەوەرخانەکانی لەنێوبردووە. هەموو ئەو کێشە و ئاڵنگارییانە وایانکردووە سامانی پەلەوەری هەرێمی کوردستان رووبەڕووی مەترسیی جیدی بێتەوە."
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن کە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشت، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆدا 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستی نێوخۆ زیاترە هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان خواستی زۆر لەسەر میشکی زیندووە تاوەکو بەستوو. بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان بەم جۆرەیە:
- هەولێر 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە 35 پەلەوەرخانە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ