سێ کەس لەنێو ئاوی رووبارەکانی هەرێمی کوردستان دەخنکێن

30-08-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سێ رووداوی جیادا، ئەمڕۆ سێ کەس لە ئاودا خنکان.
 
رووداوەکان ئەمڕۆ هەینی 30ـی ئابی 2024 روویانداوە. بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، رووداوی یەکەم خنکانی گەنجێکی 17 ساڵ بووە و لە رووباری خابوور لە زاخۆ لە پارێزگای دهۆک خنکاوە.
 
رووداوی دووەم لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر روویداوە. رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هاونیشتمانییە خنکاوەکە تەمەنی 15 ساڵ بوو بە ناوی راوێژ رەسووڵ و لە رووباری کاولۆکان لە سنووری قەزای رواندز خنکاوە.
 
هەر ئەمڕۆ رووداوێکی دیکەی خنکان لە زێی گەورە لە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر روویدا. موقەدەم شاخەوان سدیق، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوەی گیانی لەدەستداوە ناوی ئەمیر نەجمەدین و تەمەنی 26 ساڵە.
 
بەگوێرەی ئامارێکی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 20ـی ئایار، هەزار و 292 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و خنکان و هەڵدێران روویانداوە و بەهۆیانەوە 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە