خوێندکارێکی کورد لە پێشبڕکێیەک لە بەریتانیا خەڵات بەدەستدەهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

خوێندکارێکی کورد لە پێشبڕکێیەکی زمانی ئینگلیزی لە بەریتانیا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و دوو مەدالیا و سێ بڕوانامەی پێ دەبەخشرێت. ئەو گەنجە دەڵێت، "بە جلی کوردییەوە بەشداریم لە پێشبڕکێکە کرد، بەڵام بەداخەوە، کاتێک ناویان خوێندمەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، بە عێراقی بانگیان کردم".
 
رۆژی چوارشەممە، 30ـی ئابی 2023، هەرێن هێمن، ئەو خوێندکارە کوردەی لە پێشبڕکێکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، میوانی بوولتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و، گوتی، "لە رێگەی خێزانەکەمەوە زانیم کە پێشبڕکێیەک لەلایەن زانکۆی کەیمبریجەوە بۆ بەرەوپێشبردنی زمانی ئینگلیزی رێکخراوە و بۆ بەشداریکردن ناوم تۆمارکرد. سەرەتا تاقیکردنەوەیان لەسەر فیلمێک و کتێبێک لێ وەرگرتین و من زیاتر لە 20 جار سەیری فیلمەکەم کرد و کتێبەکەیشم خوێندەوە."
 
تاقیکردنەوەکە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو و هەرێن کەمال دەڵێت، "60 پرسیاریان پێدام بۆ ئەوەی بە 60 خولەک وەڵامیان بدەمەوە، بەڵام من هەموو وەڵامەکانم بە 30 خولەک دایەوە و پلەیەکی باشیشم بەدەستهێنا."
 
دوای ئەوەی هەرێن لە تاقیکردنەوەکەدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، بانگهێشتی زانکۆی بڕۆناڵی بەریتانیا دەکرێت بۆ بەشداری لە پێشبڕکێکە و رۆژی 30ـی تەممووز بە بەشداریی خوێندکارانی 55 وڵات تاقیکردنەوەکە کرا و لەوێ خەڵاتی باشترینەکان دابەشکرا.
 
هەرێن هێمن بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداریی پێشبڕکێکەی کرد و وەکو خۆی باسی دەکات، "زۆر کەس جلوبەرگەکەیان دەناسی و دەیانگوت بژی کوردستان، بەڵام بەداخەوە کاتێک خەڵاتەکانیان پێدام، بە عێراقی بانگیان دەکردم". دەشڵێت، "سەرەتا ویستم کۆڕێک لەسەر پەیمانی لۆزان پێشکێش بکەم، بەڵام سەرپەرشتیارانی پێشبڕکێکە نەیانهێشت، تەنانەت ویستیشیان رێگری بکەن لەوەی بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداربم، قبووڵم نەکرد و بە جلی کوردییەوە چوومە پێشبڕکێکە".
 
ئەو خوێندکارە کوردە سێ بروانامە و دوو مەدالیای پێ بەخشراوە کە مەدالیا و بڕوانامەیەکیان بۆ نووسین بووە بە زمانی ئینگلیزی و پلەی سێیەمی لەو بوارەدا بەدەستهێناوە، بڕوانامە و مەدالیایەکیش وەکو مەدالیای شانازی بۆ ئاخاوتن بە زمانی ئینگلیزی پێ بەخشرا و بڕوانامەیەکیشی بەهۆی بەشداری لە پێشبڕکێکە پێ بەخشرا.