مووشەکێک لە خورماتوو تەقییەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو رایگەیاند ئەمشەو مووشەکێک لە گۆڕستانی ئیمام حەسەنەی خورماتوو لە نزیک مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تەقییەوە، بەبێ ئەوەی زیانی هەبێت.
 
عەمید حوسێن عەلی رەشید، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین، ئەمشەو (30-8-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمشەو مووشەکێک لە نزیک گۆڕستانی ئیمام حەسەنەی خورماتوو تەقییەوە، هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنەکە و دوای ئەوەی ناوچەکەیان گەمارۆدا مووشەکەکە تەقییەوە."
 
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد؛ هیچ کەسێک بەهۆی ئەو رووداوەوە بریندار نەبووە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەر ئەمشەو ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دوای رووداوەکە لەناو قەزای خورماتوو بڵاوبوونەتەوە، لەنێویاندا هێزەکانی حەشدی شەعبی.
 
گۆڕستانی ئیمامی حەسەنە، یەکێکە لە گۆڕستانەکانی قەزای خورماتوو و نزیکەی 200 مەتر لە بارەگای مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دوورە.
 
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، ئەمشەو بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ و بەپێی زانیارییەکان مووشەکەکان لە نزیک قەزای خوورماتووەوە ئاڕاستەی کێڵگەکە کراون.

 

شاهێدحاڵێک بەناوی سەروەت جەواد ئەم ڤیدیۆیەی بۆ رووداو ناردووە و دەڵێ: ئەو ئۆتۆمبێلانە، سوپای عێراق و رەتدانەوەی خێرای عێراقن لە ئیمام حەسەنە و، ناهێڵن هیچ ئۆتۆمبێلێک زیاتر بڕوات.