بەهۆی داخستنی رێگەوە کێبڵی کارەبای زیاتر لە 100 ماڵ لە کەرکووک پچڕاوە

31-08-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
بەشێک لە کێبڵی کارەبای گەڕەکی شۆراو پچڕاوە
بەشێک لە کێبڵی کارەبای گەڕەکی شۆراو پچڕاوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لەوەتەی لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک رێگەی سەرەکیی کەرکووک - هەولێریان داخستووە، قەرەباڵخییەکی زۆر لە گەڕەکی شۆراوی کەرکووک دروستبووە و بووەتە رێگەی سەرەکیی ئۆتۆمبێلەکان، بەوهۆیەوە کێبڵی کارەبای زیاتر لە 100 ماڵ پچڕاوە.
 
هۆکاری پچڕانی کێبڵی کارەبای موەلیدە و نیشتمانیی دانیشتووانی ئەو گەڕەکە بارهەڵگرەکانن. جگە لەوەش، بەشێکی شەقامی کۆڵانەکان تێکچوون. 
 
نیهاد عیدان، دانیشتووی گەڕەکی شۆراوە، دەڵێت: "ماوەی چوار رۆژە بەهۆی ئەم ئۆتۆمبێلە گەورانەوە ژیان نەماوە لەم گەڕەکە، ماوەی دوو رۆژە بێکارەباین، سەرباری ئەوەی کارەبای نیشتمانی نییە، خۆڵ و تۆزی ئەم ئۆتۆمبێلانە ئێمەیان هەراسان کردووە."
 
بەشێک لە خەڵکی گەڕەکەکان خۆیان رێنوێنیی ئۆتۆمبێلەکان دەکەن و رێگەیان پێشان دەدەن. عەبدوڵڵا ئەحمەد، دانیشتوویەکی گەڕەکی شۆراوە و دەڵێت، شەقامەکە بچووک و تەسکە، رێگە داخراوە و هەرچی ئۆتۆمبێلی گەورە هەیە لێرەوە تێدەپەڕێت، ئەوەش تۆز و خۆڵێکی زۆری دروستکردووە و منداڵ و گەورە نەخۆشکەوتوون."
 
تاوەکو لە کێشەی شۆفێرانیش تێبگەم، بۆ چەند خولەکێک لەگەڵ شۆفێرێکی بارهەڵگر سەرکەوتم، لەو ماوە کورتەدا درکم بەوە کرد کە تووشی زەحمەتیی زۆر دەبن لەنێو ئەو کۆڵان و لاڕێیانەدا. شاخەوان کاکی، شۆفێری بارهەڵگرەکە پێی گوتم، جگە لەو ناخۆشییانە، جاری وا هەیە تووشی رووداو دەبن. هەروەها کاتێکی زۆریشیان بەفیڕۆدەچێت.
 
هەموو ئەمانە بەهۆی ناڕەزایی بەشێک لە لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانە لە کەرکووک دژی گەڕانەوەی پارتی و وەرگرتنەوەی بارەگاکانی کە تادێت بەرفراوانتر دەبێت؛ خەڵکی زیاتر دەچن بۆ ژێر خێوەتەکان کە زۆربەیان لە دەرەوەی پارێزگای کەرکووکن. 
 
بەرپرسانی ئەمنیی کەرکووکیش هەوڵ دەدەن سایدێکی رێگەکە بکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا مانگرتووان رێگەیان بەوە نەداوە و ئەو داواکارییەیان رەتکردووەتەوە.
 
خۆپێشاندان و مانگرتنی بەشێک لە عەرەب و تورکمان و لایەنگرانی حەشدی شەعبی دوای ئەوە دێت کە بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەبوو لە ماوەی 72 کاژێردا بارەگای ئۆپەراسیۆنەکان لە کەرکووک چۆڵ بکرێت و رادەستی پارتی بکرێتەوە. ئێستا ئەو وادەیە تەواوە بووە و هێشتا رادەست نەکراوەتەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە