رووداو دیجیتاڵ
سێ کامێرای چاودێری و تۆمارکردنی خێرایی (خاڵ بۆ خاڵ) لە سبەیەوە لە شەقامی 120 مەتریی خێرا لە شاری هەولێر دەکەونە کار، لە رۆژی شەشی مانگی داهاتووشەوە دەستدەکەن بە تۆمارکردنی سەرپێچییەکان.
عەقیدی هاتووچۆ فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر ئەمشەو (چوارشەممە، 30-8-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بڕیارە سبەی سێ کامێرای دیکەی چاودێریی هاتووچۆی ناسراو بە خاڵ بۆ خاڵ لەسەر شەقامی 120 مەتری لە شاری هەولێر و بە دیاریکراوەی لەنێوان رێگەی کەرکووک بۆ رێگەی موسڵ دابنرێن، بەوەش ژمارەی کامێراکانی سەر شەقامەکە دەبنە پێنج کامێرا."
سەبارەت بە چۆنیێتیی کارکردنی ئەو سێ کامێرایە، روونیکردەوە "لە رۆژی 31ـی ئابەوە تاوەکو رۆژی سێشەممە (پێنجی ئەیلوول) بەشێوەی تێست کاردەکەن و، لە رۆژی چوارشەممە 6-9-2023ـوە سزاکان بە فەرمی تۆماردەکرێن کە لەو کامێرایانەوە دێن."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر داوای لە شۆفێران کرد بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و ئازیزانیان پێویستە پابەندی رۆیشتن بن بەو خێراییانەی بۆیان دیاریکراوە.
بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئیەرلی فیوچهر کردووە بۆ دانانی نزیکەی 500 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی کە بەشێوەی خاڵ بۆ خاڵ کار دەکەن. سەرەتای پرۆسەی دانانی کامێراکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوو کە ناڕەزایەتیی بەشێک لە هاونیشتمانییان و چەند پەرلەمانتارێکی لێکەوتەوە.
رۆژی 18-1-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی هەولێر رایگەیاند "لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ کەمکردنەوەی قوربانییەکانی ھاتووچۆ و کۆنترۆڵکردنی تیژڕۆیی، وەکو قۆناخی یەکەم، کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ یان Point to Point کە تێکڕای خێرایی لەنێوان دوو کامێرادا تۆمار دەکات، لە شەقامی 120 مەتری ھەولێر لەنێوان شەقامی کەرکووک بۆ شەقامی بنەسڵاوە لە ھەردوو ساید دەکەوێتە کار."
لەبارەی چۆنییەتی سزاکانەوە ئاشکرای کردبوو "نابێت لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر ئۆتۆمبێلی بچووک لە 110 کیلۆمەتر و، ئۆتۆمبێلی گەورە (بارهەڵگر) لە 80 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا زیاتر رێبکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ