لە سلێمانی ماتۆڕسوارێک لەسەر دەستشکاندنەوە کوژرا

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ماتۆڕسوارێکی گەنج لەسەر دەستشکاندنەوە تەقەی لێکرا و بە سەختی بریندار بوو، دوای پێنج کاژێر مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی سێشەممە 29-08-2023، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ، کە کاری دیلیڤەری دەکرد، لەبەردەم مزگەوتی شێخ فەرید لە شاری سلێمانی دەستڕێژی گوللەی لێکرا.
 
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند گەنجەکە "پاش مانەوەی نزیکەی پێنج کاژێر لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکی سلێمانی کرا."
 
لەبارەی هۆکاری تەقەکردن لەو گەنجە، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی "لەکاتی شۆفێریدا لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی جۆری تیۆتا لاندکرۆزەر لەسەر دەستشکاندنەوە، بووەتە دەمەقاڵێیان، دواتر شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە شوێنی گەنجەکەی دیاریکردووە و درەنگانی شەو لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بە ماتۆڕێک دوای کەوتوون و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە لەپشتی ماتۆڕەکە دانیشتووە، تەقەی لەو ماتۆڕسوارە کردووە کە کاری دیلیڤەری دەکرد".
 
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا؛ دوای رووداوەکە هەردوو تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون و پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکات.
  
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 183 کەس بە ئەنقەست کوژراون، 32 کەس به‌ هه‌ڵه‌ کوژران و 240 کەسیش خۆیان کوشتووە.

 

 
ئامادەکردن: لارین هۆشیار