قایمقامی شنگال: جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور چارەسەری بنەڕەتیی دۆخی ناوچەکە دەکات

30-08-2023
سینا سۆما
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی شنگال رایگەیاند، نزیکەی 60٪ی ئاوارەکانی شنگال لەبەر هۆکاری سیاسی، ئابووری و ئاوەداننەکردنەوەی خانووەکانیان نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان. دەشڵێت، دۆخی شنگال تەنیا بە رێککەوتنی شنگال کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق واژۆ کراوە "چارەسەر نابێت" و پێیوایە، جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور چارەسەری بنەڕەتیی دۆخی ناوچەکەیە.
 
نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 01:00ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال لە هەموو ناوچەکانی سەر بەو قەزایە وەکو یەک نییە، بۆ نموونە لە ناحیەی سنوونێ زیاتر لە 60٪ی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە، بەڵام کە باسی شنگال بە گشتیی دەکرێت، لەبەر ئەوەی ناحیەی گرعۆزێر و سیبا، کۆمەڵگەی گرزەرێک، تەل قەسەب و تەل بەنات و ناوچەی چیا سەر بەو ناوچەیەن، ئامارەکە جیاوازە و دەگۆڕێت. 
 
نایف سەیدۆ گوتی، لە کۆمەڵگەی گرزەرێک تائێستا تەنانەت یەک خێزانیش نەگەڕاونەتەوە، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەکە "بە تەواوەتی وێرانە." هەروەها لە تەل قەسەب و تەل بەناتیش زۆربەی خەڵک نەگەڕاونەتەوە، لە باکووری چیای شنگال بارودۆخ تا رادەیەک باشترە، بەڵام کە بە گشتیی باسی شنگال دەکرێت دەتوانن بڵێن نزیکەی 60٪ی ئاوارەکان هێشتا نەگەڕاونەتەوە.
 
سەبارەت بە هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان، نایف سەیدۆ دەڵێت: "هۆکارەکان جیاوازن، بۆ نموونە هەندێک خێزان لەبەر هۆکاری سیاسی و هەندێکیان لەبەر هۆکاری ئابووری ناگەڕێنەوە. هۆکارێکی دیکەی سەرەکی ئەوەیە کە خانوویان نییە و حکومەتیش قەرەبووی خەڵکەکەی نەکردووەتەوە." 
 
قایمقامی شنگال پێیوایە، ئەگەر خەڵک قەرەبوو بکرێنەوە و خانووەکانیان ئاوەدان بکرێنەوە، 50٪ی ئەو خەڵکەی ئێستا ئاوارەن، دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
 
نایف سەیدۆ ئاماژە بە کاریگەری رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 بۆ سەر گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگالیش دەکات و دەڵێت، لە دوای ئەو رووداوانە، بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال نەماون و ژمارەیەکی زۆری ئەو خەڵکانەی ئێستا ئاوارەن، کەسانێکن کە سەر بەو حیزبەن، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەوانە نەگەڕێنەوە، چونکە بارەگا و مووچەیان لە شنگال نییە، بۆیەش نەگەڕانەوەی ئاوارەکان زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ململانێی سیاسی و هۆکاری ئابووری.
 
گەڕانەوەی ئاوارەکان وەک قایمقامی شنگال دەڵێت، لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە. نایف سەیدۆ لەو بارەیەوە دەڵێت: "لە کاتی هێرشی داعشدا، ناوچەکانی باکووری شنگال بە تایبەت سنوونێ بۆ ماوەیەکی کورت و کەمتر لە پێنج مانگ لە دەستی گرووپەکەدا مانەوە، بەڵام ناوچەکانی باشووری شنگال تاوەکو ساڵی 2017 لە ژێر کۆنترۆڵی داعشدا مانەوە."
 
سەیدۆ باسی هەبوونی هێزی جیاوازی لە شنگال کرد و گوتی، لە دوای هێرشی داعشەوە لە ساڵی 2014، هێزی چەکداری جیاواز لە شنگال هەن بەشێوەیەک کە لە هەر کۆمەڵگەیەک حکومەتێک هەیە. لە هەندێک شوێن هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هەن، هەندێک شوێنیش لە کۆنترۆڵی هێزەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال - یەبەشەدایە، بێجگە لەوانەش هێزەکانی پۆلیسی خۆجێی و پۆلیسی فیدراڵیش لە ناوچەکەن.
 
سەبارەت بە رێککەوتنی شنگال کە ساڵی 2020 لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق واژۆ کراوە بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراوە، قایمقامی شنگال پێیوایە، ئەو رێککەوتنە چارەسەرێکی کاتییە بۆ دۆخی شنگال، "بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی رەوشی شنگال پێویستە مادەی 140ی دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت".
 
نایف سەیدۆ دەڵێت، تەنیا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو دۆسیانەی خەڵکی شنگال کە ئێستا لەبەر دەستی حکومەتی عێراقدان نزیکەی 40 ملیار دینار پێویستە، بەڵام ژمارەی دۆسیەکان زۆر زیاترە و رەنگە بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکە زیاتر لە 100 ملیار دینار پێویست بێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە