عادل باخەوان: ئامانجێکی سەردانەکەی ماکرۆن بۆ عێراق نەهێشتنی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدایە


رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ماکرۆن بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی 2023ـی بەغدا سەردانی عێراق بکات و بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق دەڵێت، "ماکرۆن لەو سەردانەدا سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات و یەکێک لە ئامانجەکانیشی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت".
 
رۆژی چوارشەممە 30ـی ئابی 2023، د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "تائێستا وادەی سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ عێراق دیارینەکراوە و هاتنی بەستراوەتەوە بەوەی کەی کۆنگرەی بەغدا بۆ ساڵی 2023 بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئاماژەکان پێماندەڵێن رەنگە بکەوێتە کۆتاییەکانی تشرینی یەکەم و سەرەتای تشرینی دووەم و لەو سەردانەیدا دەچێتە هەولێریش". 
 
لەبارەی ئامانجەکانی سەرۆککۆماری فەرەنسا لە سەردانەکەی بۆ عێراق، د. عادل باخەوان گوتی: "هاتنی ماکرۆن بۆ بەغدا و هەولێر کۆمەڵێک پەیام لەخۆدەگرێت و پەیامێکیش دەبێت بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەبارەت بە پێگەی هەرێمی کوردستان و عێراقی نوێ بەو شێوەیەی فەرەنسا وێنای دەکات".
 
یەکەم کۆنگرەی بەغدا لە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق دەڵێت: "کۆنگرەی بەغدا پرۆژەیەکی عێراقی نەبوو، بەڵکو پرۆژەیەکی فەرەنسی بوو بۆ عێراق، مەبەستی پاریس لە پشتیوانیکردنی ئەو کۆنگرەیە ئەوەبوو کە دەیویست میکانیزمێکی سیاسی بدات بە عێراق بۆ ئەوەی ببێتەوە بە چەقی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەو کۆنگرەیە وایکرد لە یەک کاتدا وڵاتانی وەکو تورکیا، ئێران، وڵاتانی کەنداو، میسر، ئوردن و چەندین وڵاتی دیکە لە دەوری بەغدا کۆبکاتەوە".
 
بە گوتەی د. عادل باخەوان، محەممەد شیاع سوودانی هەوڵدەدات ئەم کۆنگرەیە لە میکانیزمێکی سیاسییەوە بکاتە میکانیزمێکی ئابووری و بۆ ئەمەش پێویستی بە گفتوگۆ و دانوستاندنە لەگەڵ فەرەنسا، سەرباری ئەوەی گفتوگۆی زۆر هەیە، بەڵام تائێستا رێککەوتنێک لەنێوان پاریس و بەغدا نییە بۆ گۆڕینی ئەو میکانیزمە".
 
لەبارەی دروستبوونی ناکۆکییەکانی پاریس و بەغدا لەسەر کۆنگرەکە، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق دەڵێت: "محەممەد شیاع سوودانی هەوڵی زۆر دەدات بەشار ئەسەد لە کۆنگرەی بەغدا بەشداربێت، بەڵام ئەسەد لە روانگەی پاریسەوە تاوەکو ئێستا ئەو شەیتانەیە کە نابێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بهێنرێتەوە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان".
 
د. عادل باخەوان باس لە دەستوەردانی راستەوخۆی فەرەنسا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات و پێیوایە: "پاریس سوورە لەسەر کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دەزانن کە سوودانی نیازێکی لەو شێوەیەی هەیە، بەڵام ناوەندەکانی بڕیار لە عێراق فرەچەشنن و ئەوەش وادەکات گرفتەکان بەردەوامبن، بۆیە فەرەنسا دەیەوێت راستەوخۆ دەستوەردان بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
 
لەبارەی راگرتنی نەوتی کوردستان و هەناردە نەکردنەوەی دوای زیاتر لە پێنج مانگ، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق دەڵێت، "راستە راگرتنی نەوتی کوردستان بە بڕیاری دادگەی پاریس بوو، بەڵام هەناردە نەکردنەوەی لەو ماوەیەدا کە هەندێک جار دەگوترێت، بەهۆی چەند خاڵێکی تەکنیکییە، راست نییە و هەمووان دەزانن کە ئەوە بڕیارێکی سیاسییە، دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ ئەو لایەنە نێودەوڵەتییانە گفتوگۆ بکات کە دەوریان هەیە لە پێکهێنانی حکومەتی ئێستای عێراق بۆ نەهێشتنی ئەو بڕیارە سیاسییە".