ئومێد خۆشناو: شوێنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ کرێچییان دیاریدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بۆ دروستكردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دوو شوێنی "شیاو"یان دهستنیشانكردووە. گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستانیش چەند رێگەیەک دەخاتەڕوو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: "ئەگەر حکومەت بەنیازبێت پڕۆژەکە هەمووی وەبەرهێن بیکات، هیچ وەبەرهێنێک ئامادە نییە 500 یەکەی نیشتەجێبوونیش بەو مەرجانە دروست بکات نەوەکو 20 هەزار یەکە".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رۆژی سێشەممە 30-8-2022 رایگەیاند: "دوابەدوای فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی دروستکردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشین و كەمدەرامەتان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لە دیوانی پارێزگا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکمان کرد سەبارەت بەو یەكانەی لە هەولێری پایتەخت دروستدەكرێن؛ بۆ ئەو مەبەستەش دوو شوێنی شیاومان دهستنیشانكرد کە دەکەونە نێوان شەقامی 120مەتری و 150مەتری".
لەو بارەوە مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆژەکە گەیشتووەتە دوایین قۆناخ و شارەوانی هەولێر دەیەوێت وەکو یەکەم شارەوانی دەستبکات بە دروستکردنی یەکەکان".
مەلا یاسین دەشڵێت، بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە دەبێت شوێنی زەوییەکان باش بێت و هێندە دوور نەبێت کە هاونیشتمانی تێیدا نیشتەجێبوو هێندەی قیستەکەشی بەکرێی تەکسی و پاس خەرج بکات؛ گوتیشی، پڕۆژەکە پێویستی بە وەبەرهێنی "نیشتمانپەروەر و مرۆڤدۆستە". بەگوتەی ئەو، مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی کەمدەرامەت و وەرگرتنەوەی قیستەکان زەحمەتە.
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ پڕۆژەکە لە هەولێر پێشنیاز دراوەتە 13 وەبەرهێن؛ وەبەرهێنیش ئازادە قبووڵی بکات یان رەتیبکاتەوە.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر پڕۆژەکە سەبارەت بە وردەکاریی هونەریی و دیزاین و چۆنییەتی دروستکردن و دەستپێکردنی گفتوگۆیان کردووە و لیژنە و لایەنی پەیوەندیداریان بۆ راسپاردووە و راشیگەیاند: "جگە لە دیاریکردنی ئەو دوو شوێنە، دەبێت لە رێگەی باشترین وەبەرهێنەرانی کوردستانەوە یەکەکان بە باشترین و چاکترین کواڵیتی و شێواز دروستبکرێن".
مەلا یاسین گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی دارایی پڕۆژەکە نەکات، سەرکەوتوو نابێت و جێبەجێ ناکرێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرهێنان داوایان کردووە کە یەکەکان کواڵیتییان باش بێت و پێشەکییەکەی 5 هەزار دۆلار زیاتر نەبێت و قیستەکەشی لەنێوان 10 بۆ 15 ساڵ بێت، هیچ وەبەرهێنێک نایکات، ئەگەر لە رووی داراییەوە پشتیوانی نەکرێت".
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە: "هیچ وەبەرهێنێک ئامادە نییە 100 ملیۆن دۆلار بخاتە پڕۆژەیەکەوە کە پێشەکییەکەی هێندە کەم بێت و قیستەکەش ماوە درێژ، چونکە هیچی لێوە دیار نابێت، دواتر داواکراوە بەرزترین نرخی یەکەکان چوار دەفتەر بێت (40 هەزار دۆلار) ئێ بەو کواڵیتی و مەرجانەی دانراون هیچ وەبەرهێنێک تێیدا سوودمەند نابێت".
مەلا یاسین گوتی، بێ هاوئاهەنگی ماددی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەکە جێبەجێ ناکرێت و دەشڵێت، ئەگەر لە رووی داراییەوە حکومەت هاوکاری وەبەرهێن نەکات، دەتوانێت بەشێوەیەکی دیکە کاربکات بۆ راکێشانی وەبەرهێنەران و رایگەیاند: "بۆنموونە، بە وەبەرهێن بڵێت بەو مەرجانەی دەمانەوێت 500 یەکەی نیشتەجێبوون دروستبکە بۆ کرێنشینان؛ لەگەڵ ئەوەدا 500 یەکەش دروستبکە و بە ئازادی بۆ خۆتی بفرۆشە، ئەوکاتە هەموو وەبەرهێنێک ئامادە دەبێت و پڕۆژەکەش جێبەجێ دەکرێت".
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد کە تائێستا لە سلێمانی و دهۆک هیچ زەوییەک بۆ پڕۆژەکە تەرخاننەکراوە و ئەوەی هەیە هەولێرە و دەیانەوێت وەکو سەرەتا نموونەیەکی باش پێشکێشبکەن.
رۆژی 31ـی ئایاری 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و رێکارەکانی جێبەجێکردن و دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە لە زووترین کاتدا دەست بە رێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت.