جیهان لە چاوی رووداوەوە رووماڵی گرژییەکانی بەغدا دەکات

30-08-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیای هەرێمی و جیهانی بە بایەخەوە رووماڵی رووداوەکانی عێراقیان کرد و تۆڕی میدیایی رووداویش بووە سەرچاوەی ئاژانسە هەواڵییە هەرێمی و جیهانییەکان لە گواستنەوەی دیمەنی راستەوخۆی شەڕ و پێکدادانە خوێناوییەکانی نێوان لایەنگرانی سەدر، هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
 
دوو لە ئاژانسە هەواڵییە هەرە گەورەکانی جیهان، ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی و فرانس پرێسی فەرەنسی، کە سەتان کەناڵ لە سەرانسەری جیهان دیمەنەکانیان لێ وەردەگرن، لە چاوی کامێراکانی رووداوەوە دیمەنەکانی بەغدایان بۆ جیهان گواستەوە.
 
DWی عەرەبی، BBCی عەرەبی، جەزیرەی ئینگلیزی و عەرەبی، یۆرۆ نیوز، سکای نیوزی عەرەبی، TRTی عەرەبی، ئەلعەرەبیە و حەدەس و چەندین کەناڵی دیکە لەنێو ئەو کەناڵانەدا بوون کە دیمەنەکانی بەغدایان لە رێگەی رووداوەوە گواستەوە. 
 
رووداو بە پێنج تیمەوە لە نێو و دەرەوەی ناوچەی سەوز پێکدادانەکانی رووماڵ کرد و لایەنگرانی لایەنە دژبەرەکان لە رێگەی مایکی رووداوەوە پەیامی خۆیان دەگەیاند. 
 
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، ڤیدیۆکانی رووداو ملیۆنان بینەریان هەبوو. هەروەها لە نێوخۆی عێراقیشدا، سەتان هەزار هاووڵاتی لە رێگەی پەیج و هەژمارە عەرەبییەکانی رووداوەوە بینەری رووداوە گرنگەکانی وڵاتەکەیان بوون. 

گواستنەوەی پەخشی رووداو لە کەناڵی بی بی سی عەرەبی

 
لە ماوەی پێشكێشکردنی گوتارەکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لە یەک کاتدا نزیکەی 60 هەزار کەس لەسەر فەیسبووک تەماشای پەیجی رووداوی عەرەبییان کرد. 
 

گواستنەوەی پەخشی رووداو لە کەناڵی جەزیرە

گواستنەوەی پەخشی رووداو لە کەناڵی حەدەس
ئەمە یەکەم جار نییە رووداو دەبێتە سەرچاوەی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان
 
بەهۆی رووماڵی سەركەوتووی شەڕی داعش، لە 1ی نیسانی 2015 تۆڕی میدیایی رووداو بووە ئەندامی كۆمەڵەی ئەوروپایی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ENEX وەك دووەم تەلەڤزیۆنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها بەپێی رێككەوتنێكی نووسراو لە 9ی تشرینی دووەمی 2016 بووە هاوبەشی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پرێس. بەوشێوەیە رووماڵەكانی رووداو بە لۆگۆی رووداوەوە چوونە سەر شاشەی هەزاران تەلەڤزیۆن لە جیهاندا. 
 
جگە لە رووماڵی شەڕی داعش، رووماڵی رووداو بۆ خۆپێشاندانی راستڕەوەكان و چەپڕەوەكان لە دوو خۆپێشاندانی بەرامبەر یەكدیدا لە شاری لەندەن لە رۆژی 16ی تەممووزی 2016 لە رووداوەوە گوێزرایەوە لەلایەن ئاژانس و میدیاكانی جیهانەوە؛ هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ئیستەنبووڵ لە شەوی 28ی حوزەیرانی 2016 رووداو بووە سەرچاوەکەی؛ لە كاتی كودەتای توركیا لە شەوی 15ی تەممووزی 2016 دیسانەوە رووداو بووە سەرچاوەیەكی گرنگ؛ لە كاتی هەڵكوتانی لایەنگرانی موقتەدا سەدر بۆ سەر پەرلەمانی عێراق و دەستگرتن بەسەر هۆڵی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 31ی نیسانی 2016، رووداو تاكە سەرچاوەی گواستنەوەی ئەو رووداوە بوو بۆ جیهان. لەگەڵ دەیان رووداوی گرنگی دیكە. هەروەها سەتان ڤیتی و ڤیدیۆ كە لە سەتان تەلەڤزیۆنی جیهاندا بڵاوكراونەتەوە.
 
تۆڕی میدیایی رووداو هەر لە سەرەتاوە بایەخێكی زۆری بە پاراستنی گیان و پارێزراوبوونی هاوكارەكانی داوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار تیمەكانی رووداو دووچاری رێگری و گوشار و مەترسی بوونەتەوە، بەتایبەتی كە رووماڵیان لە ناوچەكانی شەڕدا كردووە. گیران و بێسەروشوێنكردنی پەیامنێری رووداو فەرهاد حەمۆ لە رۆژی 15ی كانوونی یەكەمی 2014 لە رۆژئاوای كوردستان، شەهیدبوونی پێشكێشكاری بەرنامە و بەڕێوەبەری ئاوتپووتی رووداو شیفا گەردی لە رۆژی 25ی شوباتی 2017 رووداوی زۆر كارەساتبار بوون بۆ تۆڕی میدیایی رووداو. 
 
لە رووماڵی گرژییەکانی بەغداشدا، پەیامنێران و تیمەکانی رووداو لە لایەن بەڕێوەبەری گشتییەوە راسپێردرابوون کە ئەوپەڕی رێوشوێنی خۆپارێزی بگرنەبەر و سەلامەتیی گیانی خۆیان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن. 
 
بەڵام وێڕای رێوشوێنی خۆپارێزی، حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو، رۆژی دووشەممە لە نزیک بارەگای حکومەت لە ناوچەی سەوزی بەغدا، کەوتە ژێر پاڵەپەستۆی لایەنگرانی سەدر، ئەوەش دوای ئەوەی کە هێزێکی ئەمنی تەقەی بەسەر خۆپێشاندەراندا کرد و گازی فرمێسکڕێژیان دژ بەکار هێنان، کە بووە هۆی ئەوەی لایەنگرانی سەدر دەست بە پاشەکشە بکەن. 
 
حەیدەر دۆسکی کە بە یارمەتیی یەکێک لە خۆپێشاندەران بە سەلامەتی لە پاڵەپەستۆکەدا دەرهێندرا، دەڵێت: "بەچاوی خۆم بینی هەندێک لە خۆپێشاندەران لەژێر ئەو پاڵەپەستۆیەدا گیانیان لەدەستدا."
 
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کامێرا و کەلوپەلەکانیان لێ سەندراوە و تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش پێی نەدراوەتەوە، بەڵام هاوئاهەنگییەکان بەردەوامن بۆئەوەی کەرەستەکان وەربگیرێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە