رێبوار تاڵەبانی: پێشنیازمکردووە بۆ کێشەی ماددەی 140 دانوستاندن لەگەڵ ئێران بکەین
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ کێشەی ماددەی 140 پێشنیازیکردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمەودوا دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا بکات.
رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ماددەی 140 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هەرچەند گفتوگۆمان لەگەڵ عێراقدا کرد و رێککەوتین، بەڵام نەتوانرا رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، بۆیە پێشنیازمکردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمەودوا دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا بکات".
رێبوار تاڵەبانی پێیوایە لە سنووری ماددەی 140 گرووپی چەکداری جیاواز هەن و لە بوارەکانی سیاسی، دەستووری و سەربازی پێشێلکاریی دەکەن و دەشڵێت "بۆ ئەوەی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەرگێکی دیموکراسییانە بە بەر ئەو ناوچانەدا بکرێت، چاوەڕێی ئەوەین لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجامێکی باش".
ئەو راوێژکارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بێهیوایی خۆی لە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا لەبارەی ناوچە دابڕێندراوەکان [سنووری ماددەی 140] نەشاردەوە و گوتی: "پێشنیازمکردووە بۆ لەمەودوا حکومەتی هەرێمی کوردستان دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا بکات، چونکە هەر رێککەوتنێکیش لەگەڵ بەغدا بکرێت، ئەگەر بە دڵی ئێران نەبێت، عێراق ناتوانێت جێبەجێی بکات".