ژنێکی 85 ساڵ لە دێرەزوور خەڵکی فێری مەلەوانی دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

ژنێکی تەمەن 85 ساڵ، چاوێکی لەدەستداوە و پێستی چرچ و لۆچ بووە، بەڵام باشترین مەلەوانی دێرەزووری سووریایە.
 
عەتیە رۆژانە دەچێتە سەر رووباری فورات، خەڵکی فێری مەلەوانی دەکات. جار جاریش بەبەرچاوی گەنجانەوە سەراوسەرێک لێدەداتەوە، لەنێو ئاو دێتە دەرەوە، دەڵێت ئەمە شێوازە راستەکەی مەلەکردنە.
 
عەتیە سەعید، دانیشتووی دێرەزوور دەشڵێت "لە تەمەنی 15 ساڵییەوە حەزم لە مەلەکردن بووە. جاران کاتی زۆر لەنێو ئاودا دەمامەوە. هەتا بۆم بکرا ئەوانەم لە مردن رزگاردەکرد کە خەریکبوو دەخنکان. ئێستا تەمەنم 85 ساڵە و هێشتا حەزم لە مەلەکردن و سەراوسەر مەلەکردن دەکەم. ئەوەی لەتوانام بێ دەیکەم بۆ یارمەتیدانی ئەوانی دی."
 
عەتیە تەکنیکی گەڕاندنەوەی هەناسە لەڕێگەی گوشارخستنە سەر سییەکان دەزانێت، هەر کەسێک لەنێو ئاو رزگاربکات خۆی فڕێدەداتە سەری و دەڵێت، ئەگەر تۆزقاڵێک ئۆکسجین لە سییەکانی مابێت بە ئیزنی خوا ژیانی بۆ دەگەڕێنمەوە.
 
عەتیە تاوەکو ئێستا لانیکەم 100 کەسی لە مردن رزگارکردووە ئاماژە بەوەش دەدات "توانیومە 100 یا 100 و شتێک کەس لە مردن رزگاربکەم، هەندێکیان دوای پاڵەپۆستۆ خستنە سەریان تۆزقاڵێک ئۆکسجین لە سییەکانیان هەبووایە لەژیاندا دەمان، ئەوانی دی دەمردن و لە دەستی ئێمە دەردەچوون:"
 
بەو تەمەنەوە رۆژانە عەتییە لانیکەم دوو جار لە رووباری فورات دەپەڕێتەوە، خەڵکی گوند فێری مەلەوانی دەکات، ئەم ژنە بووەتە جێگەی شانازی بۆ کەسوکاری و خەڵكی ناوچەکە.
 
عەتیە وێنەی سەردەمی بووکێنی خۆی  هەڵواسیوە، هەموو رۆژ بەدیارییەوە دادەمێنێ و داخ بۆ رابردووی دەخوا. دەردەکەوێت بە گەنجی کچێکی جوان بووە؛ عەتیە دەڵێت، لەو وێنەیە منداڵتربووم مەلەوانیم دەزانی.