بۆ كوێخای ده‌وڵه‌تداری گه‌رمیان
ده‌مه‌وێت له ڕێگه‌ی ئه‌م نووسینه‌وه رێز و پێزانینی خۆم بۆ كه‌سێك ده‌رببڕم كه ته‌مه‌نی گه‌نجێتی وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆڵنه‌ده‌ر له شاخ و پێده‌شته‌كانی كوردستاندا تێپه‌ڕكرد و له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا به هه‌مان رۆحی سه‌رده‌می خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه له‌ڕێگەی پۆستی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه خزمه‌تی گه‌وره‌ی پێشكه‌ش به گه‌رمیان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه كردووه.
كاك سه‌ڵاح كوێخا له كاتێكدا به‌رپرسیاریێتی ئیداره‌ی گه‌رمیانی وه‌رگرت كه ئه‌و ده‌ڤه‌ره خۆشه‌ویسته ببووه چه‌قی ململانێی قورسی سیاسیی و له هه‌مان كاتیش‌دا ناوچه‌كه پێویستیی زۆری به خزمه‌تگوزاریی ھه‌بوو. بێگومان له وه‌ها دۆخێك‌دا وه‌رگرتنی به‌رپرسیارێتییه‌كی ئاوا گه‌وره كارێكی قورسه، به‌ڵام كاك سه‌ڵاح به سنگفراوانی و به ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه وه‌ك خه‌مخۆرێكی گه‌رمیان و گه‌رمیانییه‌كان بهرپرسیاریێتییهكهی وه‌رگرت و توانی به شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه ستراتیژی حكومه‌ت له ئیداره‌ی گه‌رمیان جێبه‌جێ بكات و چه‌ندین پرۆژه‌ی گرنگ و گه‌وره‌ش جێبه‌جێ كران.
به درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ی له نزیكه‌وه له‌گه‌ڵ كاك سه‌ڵاح كارم كردووه ئه‌وه‌ی تێبینیم كردبێت دڵسۆزی و خه‌مخۆری به‌رێزیان بووه بۆ گه‌رمیان. بۆیه خۆم به به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم كه سه‌رده‌مێك كارم له‌گه‌ڵ كوێخای ده‌وڵه‌تداری گه‌رمیان كردووه؛ هه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی پیاوێكی كارامه و به‌توانا بووه، هه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ش كه سه‌رپه‌رشتیی كه‌لار به‌تایبه‌ت و گه‌رمیان به‌گشتیی كردووه كه ناوچه‌یه‌كه ئێجگار شیرین له‌دڵدا، دان به‌وه‌شدا ده‌نێم كه به‌خۆشحاڵییه‌وه سوودم له ئه‌زموونی تێكۆشه‌رانه‌ی وه‌رگرتووه له ئیداره‌دانی ناوچه‌یه‌كی فراوانی وه‌ك گه‌رمیان كه خزمه‌تكردنیان هه‌میشه شانازی بووه بۆ ئێمه.
ئێمه كه به‌رده‌وام ده‌مانویست به‌شێك له قه‌رزه‌كانی سه‌رشانمان بده‌ینه‌وه به گه‌رمیان و گه‌رمیانییه‌كان كه پشتیوانێكی گه‌وره‌ی شۆڕش بوون و له‌م پێناوه‌شدا قوربانیی زۆریان داوه، ئێستا به‌هۆی هه‌وڵ و دڵسۆزی و خه‌مخۆری كاك سه‌ڵاحه‌وه تا راده‌یه‌كی به‌رچاو له‌و ئامانجه‌مان نزیكتر بووینه‌ته‌وه كه گه‌رمیان به‌ره‌و ئاوه‌دانتر به‌رین، هه‌رچه‌نده ده‌زانم گه‌رمیان و هه‌موو ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان پێویستیان به خزمه‌تگوزاریی زۆر زیاتر هه‌یه، به‌ڵام بۆ ئه‌مه‌ش پێویستیمان به كه‌سانی خه‌مخۆر و دڵسۆزی وه‌ك كاك سه‌ڵاح هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كاروانی ئاوه‌دانی به‌رده‌وام بێت.
كاك سه‌لاح راسته وه‌ك یه‌كێتییه‌ك پۆستی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیانی وه‌رگرت، به‌ڵام كه‌مترین ره‌خنه و گله‌یی هاتووه‌ته سه‌ر و هه‌میشه به‌یه‌ك چاو سه‌یری هه‌مووانی كردوه و به گیانێكی به‌رزی نیشتمانییانه‌وه ره‌فتاری كردووه و بێ گومان هه‌ر ئه‌وه‌شی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرا.
لێره‌دا راسته‌وخۆ رووی قسه‌م ده‌كه‌مه كاك سه‌ڵاح و ھیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتری بۆ ده‌خوازم و باوه‌ڕیشم وایه له پاش خانه‌نشین بوونی، له ھه‌ر شوێنێك بێت و ھه‌ر كارێك بگرێته ئه‌ستۆ، خزمه‌تكردنی نیشتمان و گه‌له‌كه‌مان، کاری لەپێشینەی ده‌بێت و ھه‌ر به هه‌مان رۆحییه‌ته‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت كه خزمه‌تی ناوچه‌یه‌كی ئه‌نفالدیده و شهھیدبهخشی وه‌كو گه‌رمیانی پێ كرد و ھیچ كاتێكیش درێغیی نه‌كرد.
له كۆتاییدا هیوادارم كوردستان نموونه‌ی كه‌سانی دڵسۆز و خه‌مخۆری وه‌ك كاك سه‌ڵاحی زۆر بێت.