گەنجێکی هەولێر دوای شەش ساڵ دووری بە سوپرایزێک گەڕایەوە باوەشی دایکی

30-08-2020
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
ساتی بەیەک گەیشتنەوەی دایک و کوڕەکە
ساتی بەیەک گەیشتنەوەی دایک و کوڕەکە
نیشانەکردن رووداوی کۆمەڵایەتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خەدیجە نزیکەی شەش ساڵ چاوەڕوان بوو جارێکی دیکە کوڕە گەورەکەی ببینێتەوە، رۆژی رابردوو ئاواتەکەی هاتە دی و بەبێ ئەوەی ئاگای لە هاتنەوەی بێ، لە بەرامبەر خۆی دەیبینێت و بەدەم گریانەوە لە ئامێزی دەگرێتەوە. خەدیجە دەڵێت، قەت وەسفی ئەو کاتەی بۆ ناکرێت کە هەستی چۆن بووە.
 
عومەر فرسەت کەریم گەنجێکی تەمەن 20 ساڵە، لە تەمەنی 15 ساڵی جانتای سەفەر دەکاتە شانی و رێگای هەندەران دەگرێتەبەر، رێگایەک کە وەک خۆی دەڵێت، سەخت و پڕووکینەر بووە و ئەو تەمەنە بچووکەی هی ئەو رێگا سەخت و پڕ مەترسییە نەبووە.
 
عومەر فرسەت کەریم، لەبارەی چۆنیەتی چوونی و لەوە گرنگتر شێوازی هاتنەوەی قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، بەهۆی تەمەنیەوە بڕیاربووە بەرێگەیەکی باش بنێردرێت بەڵام قاچاخچییەکان بەڵێنەکەیان نابەنەسەر و چارەنووسی دەسپێرنە دەست دەریا.
 
گەنجەکە دەڵێت، بەهۆی ئەوەی باوکم زۆر خۆشی دەویستم و تەمەنیشم بچووک بوو، خۆی لەگەڵم هاتە تورکیا، لەوێوە بڕیار بووە بە کەشتی بیاننێرنە یۆنان، بەڵام کە شەو دەیان بەن دەبینن بەلەمێکی بچووکە بۆ 120 کەس.
 
هەموو نیگەرانییەکانی رۆشتن و گەیشتنی بە ئەوروپا خەمێکی چەند ساڵەی لەسەر دڵی دایک و باوکی بەجێهێشتووە بۆیە بڕیاردەدات، بە زووترین کات بگەڕێتەوە لایان. هەموو ساڵێک پلان دادەنێت و دواتر بەهۆی کێشەیەکەوە ناتوانێ بگەڕێتەوە و ئەوەش دایک و باوکی ساڵ دوای ساڵ بێتاقەتتر دەکات.
 
ئەمجارە عومەر بڕیار دەدات کارەکانی گەڕانەوەی بەبێ دەنگی بکات، چونکە لەوە دەترسێ کۆرۆنا دیسان رێگر بێت لە بردنەسەری بەڵینەکەی و دیسان ببێتە هۆی نائومێدی و تامەزرۆییەکی زیاتر بۆ دایک و باوکی.
 
بەگوتەی عومەر فرسەت کەریم، ئەوەندە بیریان لە خۆشی دیدارەکە کردووەتەوە بیریان لە لایەنە خراپەکەی ئەو جۆرە دیدارە کتوپڕە بۆ دایکی نەکردبووەوە چونکە وەک خۆی دەڵێت، بەردەوام دایکی گوتوویەتی خۆزگا کە سەرم بەرز دەکردەوە تۆ لە ماڵەوە دەبووی ، بۆیە ئەوەش هاندانێکی دیکە بووە بۆ بەبێ دەنگی هاتنەوەی.
 
وەک خۆی دەڵێت، کاژێر 03:00 ـی بەرەبەیانی شەممە 29-8-2020 دەگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، تەنیا کوڕێکی پووری ئاگای لێدەبێت. تاوەکو نزیکەی نیوەڕۆی شەممە لەماڵی ئەوان دەبێت لە هەولێر و دواتر لەگەڵ کوڕە پووڕەکانی دیکەی پێکەوە دەچنەوە ماڵی باوکی لە باسرمە.
 
خەدیجە ئیسماعیل مەحموود دایکی عومەر، لەبارەی هەستی لەوکاتەی کە کوڕەکەی دەبینێت گوتی، ئاواتی چەندین ساڵەم و گفتوگۆی چەندین ساڵەم لەگەڵ خوا ئەوە بوو کە ئاخۆ ببێ ئەو رۆژەم بە نسیب بێت جارێکی دیکە لە ئامێزی بگرمەوە؟، قەت وەسفی هەستم لەو کاتەدا ناکرێت. 
 
خەدیجە و فرست جگە لە عومەر چوار کوڕ و کچێکی دیکەیان هەیە و دەڵێن، کوڕی گەورەیانە و تەنیا ئەو کوڕەیان لێ دوور بووە، بۆیە دوورکەوتنەوەی زۆر کاریگەریی لەسەریان هەبوو.
 
بێدەنگ هاتنەوەکەی وایکرد باوکی لەو کاتەدا لەماڵەوە نەبێت و بۆ کارێک بچێتە هەولێر، فرسەت کەریم باوکی عومەر بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئیشێکی تایبەتەوە چووبوومە هەولێر، بەردەوام لەماڵەوە پەیوەندییان دەکرد کە بۆ ناگەڕێیتەوە چاوەڕانتین. منیش پێم سەیر بوو و کە گەڕامەوە کوڕەکەمم بینی.
 
عومەر فرسەت کەریم لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و مۆڵەتی نیشتەجێبوونی لەسەر خوێندن وەرگرتووە و ئێستا لەو وڵاتە دەخوێنێت. بۆیە بە ئاسانی توانیویەتی بگەڕێتەوە بۆ کوردستان و دەڵێت، هەر ئەوەش هۆکارە کە ئاسایی بێت ڤیدیۆ یان وێنەی لەکوردستان بڵاوببێتەوە و لە ئەڵمانیا کێشەی بۆ دروست نەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە