بەرپرسێکی یەکێتی: کەسمان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دیاری نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک و سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لەبارەی ئەو دوو پێشنیازەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکووک رێککەوتنیان لەگەڵ هیچ لایەنێک نەکردووە، دەشڵێت بۆ پۆستی پارێزگار یەکێتی هیچ کەسێکی بەربژێر نەکردووە.
شێرزاد سەمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک و سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک، چاوەڕێی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین کە بڕیارە لەگەڵ ئەندامە کوردەکانی ئەنجوومەن کۆببێتەوە، بەڵام بە گشتی بەلای یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە گرنگ ئەوەیە پۆستەکە بۆ کورد بێت و لەنێو کورد بۆ یەکێتی بێت، چونکە خاوەنی زۆرترین کورسیی ئەنجوومەنە."
شێرزاد سەمەد رەتیکردەوە یەکێتی هیچ کەسێکی بۆ پۆستی پارێزگار بەربژێر کردبێت و گوتی: "ئەوەی دەگوترێت و باس دەکرێت تەنیا قسە و پێشبینیی خەڵکە، بەفەرمی هیچ کەسێکمان دیارینەکردووە، بەڵام دیاریکردنی کارێکی ئاسانە."
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، تائێستا لایەنەکانی کەرکووک بۆ دیاریکردنی یەکێک لەو دوو بژاردەیەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک هەیە نەگەیشتوون بە رێککەوتن. گوتیشی: "ئێمە لەسەر ئەو دوو بژاردەیە هەیە چی ئەوەی پۆستەکان بە ئاڵوگۆڕ لەنێوان پێکهاتەکان بێت، یان دوو ساڵ بە دوو ساڵ رێکنەکەوتووین، ئێمە پێمانباشە هەموو پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنی پارێزگاکە بەشدار ببن."
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، لە 28ـى كانوونى 2024، ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە، نەتواندراوە پۆستى پارێزگارى کەرکووک و دیالە یەکلایی بکرێنەوە.
پۆستی پارێزگار و شێوازی وەرگرتنی لەنێوان پێکهاتەکانی "کورد، عەرەب و تورکمان" گرێکوێرەی سەرەکیی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکەیە. رۆژی 11ـی ئەم مانگە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرا.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە، یەکێتی پێنج، پارتی دوو کورسی و کۆتای کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی. پێکهاتەی عەرەبی شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسی هەیە.