کۆمیسیۆن دوو بەربژێرى پارتى لە دهۆک دوورخستەوە

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دوو بەربژێرى لیستى پارتى دیموکراتى کوردستانى لە سنوورى دهۆک دوورخستنەوە بە پاساوى ئەوەى کە خۆبەربژێرکردنیان پێچەوانەى رێنماییەکانى کۆمیسیۆن بووە.   
 
بەگوێرەى نووسراوێکى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، کە ئەمڕۆ سێشەممە، 30ى تەممووزی 2024، دەرکراوە، ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بڕیاری داوە بە دوورخستنەوەى دوو بەربژێرى پارتى دیموکراتى کوردستان لە بازنەی پارێزگاى دهۆک.
 
بەربژێرە دوورخراوەکان بریتین لە محەممەد ئەمین هادى، لە ریزبەندى 15ى لیستى پارتى لە دهۆک، لەگەڵ پەروین ئەکرەم محەممەد عەلى لە ریزبەندى 11ى ئەو لیستە.
 
دوورخستنەوەیان بەهۆى ئەوە بووە کە پێشکێشکردنى داواکاریى بەربژێرییان پێچەوانەى رێنمایی تۆمارکردن راستاندنى بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بووە. لە بڕیارەکەى کۆمیسیۆن هاتووە کە دەبێت داوا لە پارتى دیموکراتى کوردستان بکرێت لە ماوەى سێ رۆژ لە وادەى ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ئەو کەسانە بگۆڕێت بە بەربژێری دیکە.
 
دوورخستنەوەى دوو بەربژێرەکە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە بەگوێرەى بڕگەى یەکەمى بەشى دووەمى رێکارەکانى تۆمارکردن و راستاندنى بەربژێرانى پەرلەمانى کوردستان بووە .
 
 بەگوێرەى ئەو بڕگەیە دەبێت بەربژێر هاونیشتمانیى هەرێمى کوردستان بێت بەگوێرەى بەڵگەنامەى بارى شارستانی یان کارتى نیشتمانیى یەکگرتوو، پێویستە لەو شوێنە نیشتەجێ بێت کە خۆى لێ بەربژێر کردووە و کارتى نیشتەجێبوونى ئەو پارێزگایەى هەبێت. 
 
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، کۆتایى پێکهاتەکان، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا بکرێت.