قەدەخەی هاتووچۆ لە ناوچەیەکی مێردین راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
ناوچەی عومەریان لە سنووری شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردین بۆ 15 رۆژ بە ناوچەی تایبەتی ئەمنی راگەیێندرا و هاتووچۆی تێدا قەدەخە کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای مێردین کە رۆژی سێشەممە 30-7-2024 بڵاوکراوەتەوە، لە رۆژی راگەیێندراوەکەوە تا 13-8-2024 هەموو جۆرە هاتووچۆیەک لە ناوچەی عومەریان قەدەخەیە، چونکە ئەو ناوچەیە لەو ماوەیەدا بە "ناوچەی تایبەتی ئەمنی" دادەنرێت و ئەگەری ئۆپەراسیۆن هەیە.
هەریەک لە گوندەکانی خەرابڕەشک، تالاتێ، جبلگیراڤ و چالێ دەکەونە ئەو سنوورە.
لە راگەیێندراوەکەدا پارێزگای مێردین داوای لە هاونیشتمانیان کردووە تاوەکو رۆژی 13ی ئاب لەو ناوچەیەدا هاتووچۆ نەکەن؛ هەروەها باس لەوە دەکات، ئەوەی بێ وەرگرتنی مۆڵەت، هاتووچۆی ئەو گوندانە بکات، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
لە دوای هەوڵی کودەتاکەی تورکیا لە تەمموزی 2016، حکومەتی تورکیا باری نائاسایی لە چەند شوێنێک راگەیاند؛ هەر جارێک 6 مانگ باری نائاسایی درێژ دەکردەوە و دوای 2 ساڵیش باری نائاسایی بە تەواوی کۆتایی پێهێندرا.
لەوکاتەوە حکومەتی تورکیا لە رێگەی پارێزگاکانەوە قەدەخەی هاتووچۆ لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان رادەگەیەنێت.