رووداو دیجیتاڵ
مامەڵەی 671 پۆلیسی نوێ لە کەرکووک رایی دەکرێن کە سەر بە فەرماندەیی پۆلیسی شارەکەن، زۆربەی پۆلیسە تازەکان لە نەتەوەی عەرەبن و تەنیا 30 کەسیان کوردن.
پۆلیسە عەرەبەکان زۆربەیان خەڵکی ناوچەکانی حەویجە، ریاز، رەشاد، داقووق و دوبزن.
ناوی پۆلیسەکان لە تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتییەوە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کراوە کە پێشتر مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەبووە و تەمەنیان لەنێوان 18بۆ 25 ساڵیدایە.
لە ئەنجامی بەدواداچوونی رووداو بۆ ئەم پرسە، دەرکەوت لە کۆی 671 پۆلیسە تازە دامەزراوەکە، تەنیا 29ـی تورکمان و 30 دانەیشیان کوردن، ئەوانی دیکە سەرجەمیان عەرەبن.
فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، "لای ئێمە جیاکاریی نەتەوەیی نەکراوە، ناوەکان لە وەزارەتەوە گەیشتووەتە دەستمان و لێرە تەنیا پشکنینی جەستەیی و مامەڵەکانیان بۆ رایی دەکرێن."
تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی رەتی دەکەنەوە جیاکاریی کرابێت، ئەوانیش دەڵێن، بەپێی ئەو مەرج و رێکارانەی داواکراون، ناوەکان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کراون، نەتەوە و مەزهەب نەکراوەتە پێوەر، هەر کەسێک مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی هەبێت و مەرجەکانی تێدا بێت، ناوی نێردراوە.
ئەحمەد یەحیا، بەڕێوەبەری تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتییە، لەبارەی هەبوونی جیاکاری گوتی، "باوەڕ ناکەم بابەتی وا هەبێت، بە سوتفە ئەوە روویداوە، ئەوە کارەکان بەرچاون، بەڵام تۆ دەزانی عەرەب زوو هاوسەرگیری دەکەن و خێزاندارن، بۆیە ئێستا ئەوانەی تەمەنیان دەیگرێتەوە و هاوسەرگیرییان کردووە، زۆرینەیان عەرەبن."
وەکو ئەو بەڕێوەبەرە باسی دەکات، بەشێک لە عەرەبەکان کە تەمەنیان دەگاتە 15 ساڵ، هاوسەرگیریی دەکەن، مادام خێزانداریشن، ئەوە لەسەریان جێبەجێ دەکرێت.
لەسەر نەبوونی هاوسەنگی لەنێوان نەتەوەکان لەو پرسەدا، دیلان غەفوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزیری ناوخۆ کردووە، رێکارەکان رابگرێت.
دیلان غەفوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی وەزیری ناوخۆ کردووە، تایبەتمەندیی کەرکووک رەچاو بکرێت. هەروەها پێداچوونەوە بەو بابەتە بکرێت کە هاوسەنگی هەبێت، لە رابردوو ئەم بابەتە کارمان لەسەر کردووە و ئەنجامی هەبوو، توانیمان هاوسەنگی بگەڕێنینەوە، بۆ ئەمەش لەگەڵ وەزیر لەسەر هێڵین."
671 کەس تەنیا لە قۆناخی یەکەم دادەمەزرێن لە پۆلیسی کەرکووک. کۆی گشتی 1807 پۆلیسە و لە هەردوو رەگەزن. مەرجی سەرەکی تەمەن و باری خێزانی و بڕوانامەی سێیەمی ناوەندییە بۆ ئەوەی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی ناوەکانیان رەوانە بکات.
بەپێی زانیاریی رووداو، هەندێک لە بەرپرسانی عەرەبی کەرکووک لە رێگەی واستەوە ناوی کەسانێکیان تێی کردووە کە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیشیان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ