ئاگرێکی گەورە لە چیای نزارکێ لە دهۆک کەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئاگرێکی گەورە لە چیای نزارکێ لە دهۆک کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی دوای چەند کاژێرێک کۆنترۆڵیان کرد.
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە دیار نییە. بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "سەدان دۆنم بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاوە."
 
بەهۆی سەختیی شوێنەکەوە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە سەخت بوو. گوژمی ئاگرەکە زیاتر بەرەو رۆژهەڵاتی چیاکە دەڕۆیشت و مەترسی لەسەر کۆمەڵێک ماڵ و باخ دروستکرد.

 

 
ئاگرەکە زیانێکی زۆری ژینگەیی بە سرووشتی ناوچەکە گەیاندووە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت، کاژێر 06:00ی ئێوارە ئاگادار کراونەتەوە کە ئاگرەکە کەوتووەتەوە، بۆ کۆنترۆڵکردنیشی چەندین لایەن بەشدارن.
 
بە گوتەی بێوار عەبدولعەزیز، لەو ناوچەیە خانووی گەشتیاری هەیە و گومان دەکرێت ئاگرەکە بە ئەنقەست کرابێتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت بۆ زانینی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە.