لەگەڵ رەنج؛ كێشەی پەلەوەرخانەكان و رێكخستنەوەی كەرتی پەلەوەر

31-07-2023
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرهەمی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێداویستی نێوخۆییە و خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان دەڵێن، بەهۆی پاڵپشتینەکردنی حکومەت کیلۆیەک مریشک لەسەریان بە نزیکەی دوو هەزار و 250 دینار دەکەوێت و بەهۆی هاوردەکردنی مریشکی بەستووی قەدەخەکراویش ناتوانن لە بازاڕەکاندا ساخی بکەنەوە، نوێنەری كوشتارگەكانی پەلەوەر لە هەرێمی ‏كودرستانیش دەڵێت: "تاوەکو ئێستاش وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و نەخۆشخانە و زیندانەکانی هەرێمی کوردستان مریشکی بەستوو بەکاردەهێنن و پشت بە بەرهەمی نێوخۆیی نابەستن".
 
رۆژی یەکشەممە، 30ـی تەممووزی 2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداری فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵی ‏هەرێمی كوردستان،‏ نازم عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی پەلەوەرخانەكانی سلێمانی و گەرمیان‏، حەیدەر فەرحان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی ‏پەلەوەر ‏لە ‏‏‏كوردستان و ‏دەوەن موحسین، نوێنەری كوشتارگەكانی پەلەوەر لە هەرێمی ‏كودرستان كێشەی پەلەوەرخانەكان و رێكخستنەوەی كەرتی پەلەوەریان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرد.
 
"وەزارەت و پێشمەرگە و ناوخۆ مریشکی بەستوو بەکاردەهێنن"
 
نوێنەری كوشتارگەكانی پەلەوەر لە هەرێمی ‏كوردستان دەڵێت، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی ناوخۆ و نەخۆشخانە و زیندانەکانی هەرێمی کوردستان مریشکی بەستوو بەکاردەهێنن و تاوەکو ئێستاش پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان نابەستن.
 
دەوەن موحسین، نوێنەری كوشتارگەكانی پەلەوەر لە هەرێمی ‏كودرستان دەڵیت: "ساڵانە هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی 250 هەزار بۆ 260 هەزار تۆن مریشکی هەیە، بەڵام نەخۆشخانەکان، هێزی پێشمەرگە، هێزەکانی ئاسایش و زیندانەکان مریشکی بەستووی هاوردە بەکاردەهێنن. لەکاتێکدا ئێمە بە هیچ شێوەیەک رازی نین ئەو مریشکە بەستووانە دەرخواردی ماڵ و منداڵمان بدەین".
 
بە گوتەی دەوەن موحسین، ئەو مریشکەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت 15٪ـی ئاوی تێدەکرێت کە لەنێو ئاوەکەدا مادەی راگری تێدایە، واتا هەر کیلۆیەک مریشکی بەستوو کە دەیکڕیت، 150 گرام ئاوی تێدایە و سەرباری ئەوەش، کاتێک ئیکسپایەر دەبن، "لە ناوچە ئازادەکانی سەر سنوور کە کوالیتی کۆنتڕۆڵیان لێنییە، جارێکی دیکە کاتی بەسەرچوونەکەیان دەستکاری دەکرێتەوە".
 
نوێنەری كوشتارگەكانی پەلەوەر لە هەرێمی ‏كودرستان دەشڵێت، "ئەو مریشکە بەستووانەی دێنە نێو هەرێمی کوردستانەوە، هەندێکیان ناوی وڵاتەکەشیان دەگۆڕدرێت و حکومەتیش لە وەزارەتی ناوخۆ و زیندانەکان و وەزارەتی پێشمەرگە و نەخۆشخانەکان هەر ئەو جۆرە مریشکانە بەکاردەهێنێت".
 
دەوەن موحسین گوتی: "وەکو دەستەی پیشەسازی پەلەوەر لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئامادەیی خۆمان پێشاندا بۆ ئەوەی مریشکی فرێشیان بۆ دەستەبەر بکەین، ئێستا سەرۆکوەزیران بڕیاریداوە و نووسراوی بۆ داودەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە کە بۆ لەمەودوا مریشک لە کێڵگە و سەربڕخانە نێوخۆییەکان بکڕدرێت".
 
نوێنەری كوشتارگەكانی پەلەوەر لە هەرێمی ‏كودرستان باسی لەوەکرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی 50 هەزار تۆن مریشکی هاوردە دەکرێت کە 15٪ـی ئاوە، ئەو مریشکانە سەرباری ئەوەی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە قەدەخەکراون، بەڵام لە هەموو سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن".
 
هاوردەکردنی مریشکی بەستوو قەدەخەیە
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵی ‏هەرێمی كوردستان دەڵیت لە ساڵی 2019ەوە وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ پاڵپشتی بەرهەمی نێوخۆیی، هاوردەکردنی مریشکی بەستووی قەدەخە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستاش مریشکی بەستوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.
 
‏فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵی ‏هەرێمی كوردستان گوتی: "لە ساڵی 2019ەوە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانەوە قەدەخەکراوە، بەڵام ئێستا مریشکی بەستوو لە بازاڕەکانی کوردستاندا هەیە کە هیچ چاودێرییەکیان بەسەرەوە نییە.
 
فیراس سدیق دەڵێت: "بۆ برەودان بە بەرهەمی ناوخۆیی داوامان لە حکومەت کردووە بۆ دابینکردنی مریشکی هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ زیندانەکان و نەخۆشخانەکان، بەرهەمی ناوخۆیی بکڕن، لەکاتێکدا کە سامانی پەلەوەر بەهۆی ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانی لە هەرێمی کوردستان تووشی گرفت بووە، ئێستاش مریشکی بەستوو لە کەرتەکانی حکومەت بەکاردەهێنرێت".
 
لەبارەی کوالیتی ئەو مریشکە بەستووانەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، فراس سدیق گوتی؛ ئەگەر مریشکی بەستوو بە رێنمایی و چاودێری وەزارەتیشەوە هاوردە بکرێت، هێشتا هێندەی بەرهەمی ناوخۆیی جێی متمانە نییە، چونکە بەرهەمە ناوخۆییەکە لە یەکەم قۆناخەوە لەژێر چاودێری و رێنمایی خۆمانەوە بەرهەمهاتووە و لەڕووی تەندروستییەوە متمانەی زیاتری پێدەکرێت.
 
ئەو ڤاکسینانەی لە بازاڕ هەن "کاریگەرییان نییە"
 
سەرۆكی كۆمەڵەی پەلەوەرخانەكانی سلێمانی و گەرمیان‏ دەڵێت، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پربوون لە ڤاکسینی جۆراوجۆر و کاتێک خاوەن کێڵگەکان پەلەوەرەکانیانی پێ دەکوتن، هیچ کاریگەرییەکیان نییە و ناتوانن لە بەرامبەر ڤایرۆسەکاندا بیانپارێزن.
 
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی پەلەوەرخانەكانی سلێمانی و گەرمیان‏ گوتی؛ "ڤاکسینەکردنی پەلەوەر دەچێتە خانەی ئاسایشی نیشتمانییەوە و زیاتر لە سێ ساڵە داوا لە حکومەت دەکەم لە هەولێر و سلێمانی و کێڵگەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نموونەی خوێن وەربگرێت و لە دەرەوە ڤاکسین دروستبکات، ئەوەش ساڵانە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار داهاتی دەبێت بۆ حکومەت و هاوکات رێگریش لە مرداربوونەوە و نەخۆشکەوتنی پەلەوەرەکان دەکات".
 
بە گوتەی نازم عەبدوڵا، "ئێستا خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان ڤاکسین لە بازاڕ دەکڕن بۆ رێگری لە ڤایرۆسێک، بەڵام دوای کوتانی مریشکەکانیان، راستەوخۆ ڤاکسینەکە دێتە نێو هۆڵەکانەوە، زیاتر لە 80٪ـی ئەو ڤاکسینانەی لە بازاڕن هیچ کاریگەرییەکیان نییە، خاوەن کێڵگەکان ئامادەن پارەی زیاتر بدەن، بەڵام حکومەت ڤاکسینیان بۆ بهێنێت و دڵنیایی هەبێت".
 
"زۆربەی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان تووشی زیان بوون"
 
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی پەلەوەرخانەكانی سلێمانی و گەرمیان دەڵیت، زیاتر لە 500 کێڵگەی پەلەوەری نایاسایی لە هەرێمی کوردستان هەیە کە بەوانیشەوە ساڵانە لە هەرێمی کوردستان 400 هەزار تۆن مریشک بەرهەمدێت، بەڵام بەهۆی هاتنی مریشکی بەستوو و رێگری لە هەناردەکردنی بۆ پارێزگاکانی عێراق ساخکردنەوەیان ئەستەمە.
 
کۆمپانیای ئیتیحادی عێراقی رۆژانە دوو ملیۆن مریشک دەخاتە بازاڕەکانی عێراقەوە کە کیلۆیەک مریشکی بە 1500 دینار لەسەر دەکەوێت، لەبەر ئەوەی ئەو ئالیک و پێداویستییانەی لە دەرەوەڕا هاوردەیان دەکات، حکومەتی عێراق لێخۆشبوونی گومرگی بۆ دەکات و 100 دۆلاری بە 132 هەزار دینار بۆ دەگۆڕێتەوە.
 
نازم عەبدوڵا دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان زۆربەی خاوەن پرۆژە پەلەوەرییەکان قەرزداربوونەتەوە و خانوو و موڵکیان فرۆشتووە و بەشێکیان تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی بوون، لەبەر ئەوەی پارەی جووچکە، ڤاکسین، دەرمان و عەلەف قەرزدارن و هەر بۆیەش دوای ئەو هەموو زیانە ناتوانن واز لە پرۆژەکانیان بهێنن و بە هیوای دانەوەی قەرزەکانیان بەردەوام دەبن".
 
هاوکات، حەیدەر فەرحان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازیی ‏پەلەوەر ‏لە ‏‏‏كوردستان ئاماژەیدا؛ "‏زیاتر لە ساڵێکە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان زەرەر دەکەن و زیاتر لە 10 ساڵە حکومەت هیچ پاڵپشتییەکی خاوەن پرۆژە پەلەوەرییەکان ناکات، یەک کیلۆ مریشک لەسەر خاوەن کێڵگەکان لە هەرێمی کوردستان لە نێوان دوو هەزار تاوەکو دوو هەزار و 250 دینار دەکەوێت، بەڵام لە بەغدا هەزار و 100 دینار لەسەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان دەکەوێت".
 
حەیدەر فەرحان دەشڵێت؛ "جگە لە پرۆژە نایاساییەکان هەزار و 895 پرۆژەی پەلەوەری لە هەرێمی کوردستان هەیە کە نزیکەی 400 هەزار کەس تێیاندا کاردەکات، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بریار بدات بۆ پێداویستییەکانی خۆی پشت بە بەرهەمی خۆماڵی ببەستێت، کەرتی بەرهەمهێنانی پەلەوەر دەبووژێتەوە و پێویستیمان بەوە نابێت چاومان لە بەغدا بێت بۆ ئەوەی رێگە بدات مریشکەکانمان لە بازاڕەکانیاندا ساخ ببێتەوە".
 
کۆمپانیای ئیتیحادی عێراقی "بۆ لێدانە لە ژێرخانی هەرێمی کوردستان"
 
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵی ‏هەرێمی كوردستان پێیوایە، "عێراق توانای دابینکردنی 30٪ـی پێداویستی ناوخۆیی مریشکی هەیە، بەڵام کۆمپانیای ئیتیحاد بە ئەنقەست دروستکراوە بۆ خنکاندنی بازاڕی پەلەوە و لێدان لە ژێرخانی سامانی پەلەوەری هەرێمی کوردستان".
 
فیراس سدیق دەڵیت: "لە ماوەی چوار ساڵدا شەش کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کردووە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی پەلەوەری هەرێمی کوردستان لە عێراق و دوایینجار رێککەوتنمان واژۆ کرد کە رێگە بدرێت مریشکی هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی عێراق ساخبکرێتەوە، ئێوارەی هەمان رۆژ بڕیارێکی دیکە لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەرچوو بۆ رێگریکردن لە مریشکی هەرێمی کوردستان".
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵی ‏هەرێمی كوردستان گوتی، "بیانووی عێراق ئەوەبوو دڵنیا نین لە بەرهەمهێنان و کێڵگەکانی پەلەوەری هەرێمی کوردستان، بۆیە دەرگامان بۆ کردنەوە و هاتن سەردانی پرۆژەکانیان کرد، کاتێک هاتن و کارگەکانی بەرهەمهێنانی عەلەفیان بینی کە لە کوردستان بەم کوالێتییە باشە کاردەکەن، کە گەڕانەوە بەغدا، هاوردەکردنی عەلەفیشیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق قەدەخەکرد". 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."