لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ورمێ دوو کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سەر رێگەی ورمێ - سەلماس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو.
 
حەمید مەحبووبی، سەرپەرشتیاری مانگی سووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، رووداوەکە لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیژۆ 405  و لە سەر رێگەی نێوان شاری ورمێ و سەلماس و لە نزیک سێڕیانی ئاوگەرم روویداوە.
 
لە ئەنجامی رووداوەکە دا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بریندار بووە کە هەرسێکیان سەرنشینی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەن.
 
سەرپەرشتیاری مانگی سووری پارێزگای ورمێ هەروەها گوتی، تیمەکانی مانگی سوور تەرمەکانیان لەژێر بارهەڵگرەکە دەرهێناوە.
 
لە لایەکی دیکەوە کەمال هادیانفەر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمی وڵاتەکەی رایگەیاند، رۆژانە لە نێوان 50 بۆ 60 کەس لە ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن و هۆکاری سەرەکیی رووداوەکانیش نەبوونی مەرجی سەلامەتیی ئۆتۆمبێلەکانە.
 
کەمال هادیانفەر گوتی، لە 21-03-2022 تاوەکو 21-03-2023 زیاتر لە 20 هەزار کەس لە ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 378 هەزار کەسیش برینداربوون، لەو ژمارەیەش 49٪یان لەکاتی رووداوەکان یان لە رێگەی نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە کە ئەوەش واتای نەبوونی مەرجی سەلامەتییە لە ئۆتۆمبێلەکان.
 
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران دەشڵێت؛ "چەندینجار حکومەتمان لە هۆکارەکان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام گوێمان لێ نەگیراوە."