رووداو دیجیتاڵ
شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی گەیشتنە دەباشان و بەگەرمی پێشوازیان لێکرا و دوور لە چاوی میدیاکان کۆبوونەوە.
چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەکە بوو، هاونیشتمانییان بە تامەزرۆییەوە لە شاشەی رووداویان دەڕوانی تاوەکو ئەنجامێکی ئەرێنی ببینن.
محەممەد عەبدولقادر، دووکاندارێکە و دەڵێت: ناکۆکی نێوان ئەوان دڵەراوکێیە بۆ خەڵک بەهیوام ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە هەوێنی ئاشتاوایی نێوانیان و دڵخۆشی بۆ خەڵک بهێنێت.
سەروەر غەمبار، هاونیشتمانییەکە و دەڵێت: ئەگەر ئەو دوو حیزبە رێکنەکەون وڵات دەبێتە پاشاگەردانی و کەس بە کەس نابێت و مافیاگەری دەبێت، بۆیە دەبێت رێکبکەون.
دوای نزیکەی چوار کاژێر گفتوگۆ و دانوستاندنی دوور و درێژ، شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەرەو هەولێر بەڕێکەوتنەوە.
پشتیوان سادق بڵاویکردەوە، "کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی باش" بەڕێوەچووە.
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیش بە پێکەنینەوە دەڵێت: بەردەوام دەبین.
سالار لالە سەرحەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی: ئێمە هەمووکات لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین کە لە سوودی خەڵکی بێت و
کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن.
هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، وێڕای جەختکردنەوە لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی، لەسەر 5 خاڵ رێککەوتوون.
دەقی راگەیێندراوە پێنج خاڵییەکەی پارتی و یەکێتی کە لە کۆبوونەوەکە لەسەری رێککەوتوون:
1- هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
2- بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچووکەکان بەلاوە بخرێن و روو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.
3- بڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.
4- هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.
5- لەپێناو زیاتر لێکنزیکبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاری و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکاندا، بڕیارماندا بە رۆحیەتی کوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ