رزگاربوویەکی ئەنفال: 14 کەسی نزیکیان ئەنفالکردم، هەرکەسیان بینی بردیان


رووداو دیجیتاڵ

حەبیبە چیچۆ، هاونیشتمانییەکی بارزانییە کە 14 کەسوکاری ئەنفالکراوە. ئەو بە دڵێکی پڕەوە باسی رۆژی ئەنفالکردنیان دەکات و دەڵێت، "براکەمیان گرت، باوکمیان گرت، ئامۆزا، خاڵۆزا، برا و برازا و هەموویان بردن و کەسم نەما".
 
ئەو هاونیشتمانییە دانیشتووی قوشتەپە بووە هاوژینی دوو کوڕی رۆژی 31-07-1983 بردراون و تائێستا چاوەڕێیە بیان بینێتەوە یان رووفاتەکانیان بگەڕێندرێنرێنەوە.
 
حەبیبە چیچۆ دەڵێت، ئەوان جووتیار بوون و هیچ کێشەیەکیان دروست نەکردووە، بەڵام 14 کەسی ئەنفالکراوە، "هاتن دەوروبەری گوندەکەیان گرت و خەڵکەکەیان کۆکردەوە.. مەنشەئەیەکیان راگرت و پڕیان کرد لە خەڵک".
 
رۆژی 31-7-1983، گاردی کۆماریی عێراق لە هەڵمەتێکدا هەشت هەزار بارزانی لە کۆمەڵگە زۆرەملێکانی قوشتەپە، بەحرکە، دیانە و هەریر ئەنفال کرد.
 
دوای ساڵی 2003، رووفاتی 596 بارزانی لە بیابانی عەرعەر دۆزرانەوە و تەرمەکانیان لە دوو کاتی جیاوازدا گەڕێندرانەوە بارزان و لە گۆڕستانی جینۆسایدکراوان بەخاک سپێردران.
 
ئەنفالی کوردی باشووری کوردستان لە نێوان ساڵانی 1980 و 1988 بەرێوەچوو و تێیدا زیاتر لە 182 هەزار هاونیشتمانی ئەنفالکران و نزیکەی 4500 گوند و شارۆچکەش رووخێندران.