ئەنجامی راپرسییەک لەبارەی گشتپرسی دراوەتە ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم
رووداو - هەڵەبجە
ناوەندی هەڵەبجەی رێکخراوی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان راپرسییەکی لەبارەی گشتپرسی ئەنجامداوە و نزیکەی 32%ی هاونیشتمانیان بە "نەخێر" دەنگیان داوە.
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە، کە لەنێو هەزار و 400 هاونیشتمانی هەڵەبجە ئەنجامدراوە، 56.2% بە "بەڵێ" لە گشتپرسیدا دەنگ دەدەن، لە بەرامبەریشدا 32.2% بە "نەخێر" دەنگ دەدەن، ئەوانی دیکەش هێشتا بڕیاریان نەداوە.
بەرپرسانی رێکخراوی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان دەڵێن، ئەنجامی راپرسییەکە دراوەتە لایەنە سیاسییەکان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بۆ ئەوەی تاوتوێی ئەوە بکەن کە بۆچی بەشێک لە خەڵک بە "نەخێر" دەنگ دەدات.
جگە لەو قەیرانانەی لە هەرێمی کوردستان هەن، هەڵەبجە کێشەی پێکنەهێنانی هەیکەلی ئیداری پارێزگاکەی هەیە.
گەنجێکی دانیشتووی هەڵەبجە دەڵێت، لایەنە سیاسییەکان دۆخێکی خراپیان بۆ خەڵک دروستکردووە، بۆیە بە "نەخێر" دەنگ دەدات، بەڵام ئافرەتێک کە چوار کەسی لە کیمیابارانی هەڵەبجە شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، ئەو دەڵێت، سەرباری قەیرانەکان بە "بەڵێ" دەنگ دەدات و لە مێژە چاوەڕوانی ئەو رۆژەیە.
داڕشتنەوە: حەکیم داود