نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە عیرفان عەبدولعەزیز دەکات

رووداو - ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی ھەڵبژاردنەوەی عیرفان عەبدولعەزیز بە رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی دەکات و داوای کاری ھاوبەش لە حیزبە کوردستانیشەکانیش دەکات.

رۆژی شەممە 30-7-2016  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی کۆتایی ھاتنی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ عیرفان عەبدولعەزیز،  رابەری ئەو حیزبە ئەنجامدا.

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی ئەو حیزبە و ھەڵبژاردنی عیرفان عەبدولعزیزی بە رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی کردووە.

ماڵپەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی بزووتنەوەی ئیسلامی بە پارتێکی رزگاریخوازی کوردستان وەسفکردووە و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھیواشی خواستووە سەرکەوتنی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ببێتە ھۆکارێکی دیکەی یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان لەسەر ھەموو ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە خەڵک و خاکی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، ھەروەھا "جەختیشی لەسەر کاری ھاوبەشی ھەموو حیزبەکانی کوردستان کردەوە بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو قەیرانانەی رووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بوونەتەوە".

لە کۆنگرەی 11یی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، کە لە رۆژی 28-7-2016 لە شاری سلێمانی بە بەشداری 370 ئەندام بەڕێوەچوو، دوای رکابەری لەگەڵ كامیل حاجی عەلی، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز  بەبەدەستھێنانی 197 دەنگ بە رابەری گشتیی ھەڵبژێردرایەوە.