کرێکارێکی بەنگلادیشی جەژن بە کوردی دەگێڕێت

رووداو - هەولێر  

محەمەد جەعفەر ئەو کرێکارە بەنگلادیشیەی کە بەزمانی کوردی دەدوێت و زۆربەمان لەرێگای گرتە ڤیدیۆیی و چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیەکانەوە بینیومانە، ئەو یەکێکە لەو چەند هەزار کرێکارە بیانییەی لە باشووری کوردستاندا کار دەکەن، ئەو لەو ماوەی کارکردنیدا چەندین هاوڕێی کوردی پەیدا کردووە و بۆ ئەم جەژنە دوای ئەوەی هاوڕێ بەنگلادیشییەکانی بەسەر کردۆتەوە هاوڕێ کوردەکانیشی بەسەر دەکاتەوە و جەژنە پیرۆزەیان لێدەکات.

مانەوە لە باشووری کورستان بۆ نزیکەی 8 ساڵ و تێکەڵبوون بە هاونیشتیمانیان وای کردووە، محەمەد تێکەڵ بە کولتووری شاری هەولێریش ببێت و وەکو زۆربەی دانیشتووانی ئەم شارە هەڵسوکەت بکات و جەژنە پیرۆزە بکات بۆ ئەم جەژنەش ئەوەندەی توانیویەتی هاوڕێکانی بەسەرکردەوە و بە تەلەفۆنیش جەژنە پیرۆزەی لەچەند هاوڕێیەکی کرد.

محەمەد لەڕێی قسە خۆشەکانییەوە هاوڕێیەکی زۆری هەیە و جگە لەوەی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان یەکتری بەسەر دەکەنەوە، بەشێک لە هاوڕێکانی داوەتی ماڵی خۆیانی دەکەن و ئەم جەژنەش چەند هاوڕێیەکی داوەتیان کردووە و پێیان خۆشە محەمەد لەگەڵ خێزانی ئەوان جەژن بکات کە زۆربەیان گۆرانیبێژی میللین.