بۆمبەکانی مزگەوتی نووریی موسڵ پووچەڵکرانەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی ژمارەیەک بۆمبی چێندراو لە مزگەوتی نووریی شاری موسڵ دۆزرانەوە، کە بە هۆیانەوە کارکردن تێیدا راگیرا، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند "بۆمبەکان پووچەڵکرانەوە." 
 
محەممەد جاسم، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی یەکشەممە (30-06-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "6 بۆمبی چێندراو لەنێو مزگەوتی نووری دۆزرانەوە. دوێنێ یەکێک و ئەمڕۆش پێنجەکەی دیکە پووچەڵکرانەوە."
 
محەممەد جاسم رەتیکردەوە بۆمبەکان نوێ بن و گوتی "کۆنن و لە سەردەمی دەسەڵاتی داعش چێندراون؛ بڕیاریشە کارکردن لە شوێنەکە دەستپێبکاتەوە." 
 
رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بە هاوئاهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری موسڵ و وەقفی سوننە، دەستی بە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە کردووە.
 
لە 29ـی حوزیرانی ساڵی 2014، ئەبوبەکر بەغدادی، خەلافەتی داعشی لەو مزگەوتەوە راگەیاند؛ لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەدا 85٪ـی مزگەوتەکە وێران بوو.