وردەکاری رووداوەکەی زیندانی سلێمانی؛ بریندارەکان تۆمەتبارن بە کوشتنی برای تۆمەتبار
رووداو دیجیتاڵ
لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی، شەڕ دروستبوو و دوو کەس بە چەقۆ بریندار کران. پۆلیس دەڵێت، تۆمەتبارەکە هەر لە زینداکەدا دەستگیرکراوە.
رووداوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 30-06-2024، لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی روویدا.
لەوبارەیەوە، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تۆمەتبارەکە پێڵاوێکی بن ئەستووری لەپێکردووە و ناوەکەی کۆڵیوە و چەقۆی تێدا شاردووەتەوە، بەتایبەتیش بۆ پەلاماردانی ئەو کەسانە نەچووە و بۆ لای زیندانیی دیکە چووەتە ژوورەوە".
سەرکەوت ئەحمەد گوتیشی، "ئەمڕۆ کاتی سەردانیی گشتیی پیاوان بووە و تۆمەتبارەکەش ئەوەی وەکو هەلێک قۆستووەتەوە، کە چووەتە ژوورەوە، ئەو دوو کەسەی بینیوە کە بە تۆمەتی کوشتنی براکەی لە زینداندان، بووە بە دەمەقاڵەیان و بە چەقۆ پەلاماری داون".
هەردوو بریندارەکە لەژێر چاودێریی پزیشکدان. سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت "تەندروستیی هەردووکیان جێگیرە".
ئەمڕۆ سەرەتا هەواڵەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەک بڵاوبووەوە، کە گوایە دوو کەس لە چاکسازی گەورانی سلێمانی کوژرابن. هەر ئەوکات ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رووداوەکە لە هیچ یەکێک لە چاکسازییەکان نەبووە و ئەوەی هەبووە لە گرتن و گواستنەوە بووە".
ئێوارەی یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی كۆمەڵایەتی رایگەیاند، رووداوی بریندارکردنی دوو بەندکراو لەنێو بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازی گەورانی سلێمانی رووینەداوە، بەڵکو لە بەڕێوەبەرایەتیی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم رووداوەی ئەمڕۆ كە لە شاری سلێمانی روویداوە، بەداخەوە دوو هاوڵاتی بریندار بوون، چەند پەیج و لایەنێك هەواڵەكەیان وا بڵاوكردەوە كە لەنێو بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازی گەورانی سلێمانی روویداوە، لێرەوە بۆ رای گشتی روون دەكەینەوە كە ئەم رووداوە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازی گەوران نییە و رووداوەكە لە بەڕێوەبەرایەتیی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ روویداوە".