مەسرور بارزانی: پێویستە هەرچی زووە رێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بکرێن

دوێنێ کاژێر 01:06
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڵەبجە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڵەبجە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەت لە هەڵەبجەوە رایگەیاند پێویستە هەرچی زووە رێکارەکانی بەپارێزگەبوونی هەڵەبجە تەواوبکرێن و، لەسەر ئاستی فیدراڵیش بەشێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگەیەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 30-6-2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پارێزگەی هەڵەبجە بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجەی دانا.
 
پڕۆژەی سایلۆی هەڵەبجە بە گوژمەی زیاتر لە 27 ملیار و 203 ملیۆن دینار لەلایەن هەردوو کۆمپنیای ئەدمین و (ABP TDS) جێبەجێ دەکرێت.
 
سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا هەرچەندە زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگەبوونی هەڵەبجەی داوە "بەڵام بەداخەوە تائێستاش رێکارەکانی بەپارێزگەبوونی هەڵەبجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە تەواو نەکراون. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە؛ پێویستە هەرچی زووە ئەم رێکارانە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش، بەشێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت."
 
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی خەڵکی زیاندمەندبووی رژێمی بەعس لە هەڵەبجە، سەرۆکی حکومەت رایگەیاند هەڵەبجە "بووەتە سیمبوولی ستەمكردن لە خەڵكی كوردستان، دەبووایە خەڵکی زیانلێکەوتووی دەستی رژێمی پێشوو لە کوردستان و عێراق بەگشتی، بەشێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە. هەوڵەكانمان لەم بوارەدا چڕ دەكەینەوە و پێویستە گشت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمیش لە بەغدا، هاودەنگ و هاوهەڵوێست بن لەم بوارەدا."
 
لەبارەی سایلۆکەش کە ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت بەردی بناخەی دانا، گوتی "دروستکردنی ئەم سایلۆیە، بەشێکە لە پلان و بەرنامەکانمان بۆ زیاتر خزمەتکردنی جووتیارانی ئەم دەڤەرە و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ کە ئەم ناوچەیە لەم رووەوە زۆر دەوڵەمەندە."
 
هەروەها دەڵێ "بێگومان ئەنجامدانی پڕۆژەی کشتوکاڵی و پیشەسازی یان گەشتوگوزاری لەم ناوچەیە سەرەڕای ئەوەی دەبێتە هۆی زیاتر بووژانەوەی ئابووری و جموجۆڵی بازرگانی، دەرفەتی کاریش بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە دەستەبەر دەکات. لەم رووەوە هەرچی لەسەر حکومەت بێت لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی ئەم پارێزگایە، درێخی ناكەین."

 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی: خوشک و برایانی ئێزدی بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوی گەلی کوردستانن

سەرۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ "سەرەڕای هەموو پیلان و هەوڵی ناحەزان بۆ دابڕاندنی کوردانی ئێزدی لە خەڵکی کوردستان، بەڵام ئەوان هەر لە دێر زەمانەوە پێکهاتەیەکی رەسەنی گەلی کوردستانن".