دوو بازرگانی ئامێری گزیکردن قسە بۆ رووداو دەکەن

30-06-2024
نزار جەزا
دانپێدانانی دوو بازرگانی ئامێری گزیکردن
دانپێدانانی دوو بازرگانی ئامێری گزیکردن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوو گەنج، کە بەهۆی مامەڵەکردن بە ئامێری گزیکردن دەستبەسەرکراون، قسە بۆ رووداو دەکەن، چۆنییەتی دەستخستنی ئەو ئامێرە و شێوازی کارکردنیان رووندەکەنەوە.

تیمی تەکنیکیی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەماوەی دوو مانگی رابردوودا، توانیویانە شوێنی نزیکەی 20 بازرگانی ئامێری گزیکردن ئاشکرا بکەن و لەڕێگەی هێزەکانی دەزگای ئاسایشیشەوە، دەستگیریان بکەن.

تیمی رووداو گفتوگۆی لەگەڵ دووان لەو بازرگانانە کرد، کە هەردووکیان گەنجی تەمەن 24 ساڵن و ئێستا دەستبەسەرن.

یەکێک لە گەنجەکان ئەمە دووەم جارە دەستگیردەکرێت، دەڵێ "زۆربەیجار ئامێرەکانم لەڕێگەی دیلیڤەرییەوە دەگەیاندە دەست کڕیارەکان، ئەو کەسەی دەیگەیاند، جێی متمانەبوو و ئامێرەکەمان دەخستە نێو شتی دیکەوە بۆی."

ئەو کەسانەی وەک دیلیڤەری کاریان کردووە و ئامێرەکانیان گواستووەتەوە بە گوتەی ئەو گەنجە دەستگیرکراوە "هەیانبووە دەیزانی، هەشبوو نەیدەزانی."

ئامێرەکە لەلای ئەو بازرگانە نرخێکی دیاریکراوی نەبووە، بەڵکو بەپێی خوێندکارەکە نرخی بۆ دەستنیشانکردووە، دەڵێ "هەبوو بە 400 دۆلار هەبوو بە 200 دۆلار، جۆریشی هەیە، هەیە لەنێو پێڵاودا هەڵدەگیرێت، هەیە لە بن باڵ هەڵدەگیرێت."

ئامێرەکان لە بەغداوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، بازرگانەکە دەڵێ "ئەو کەسەی لە بەغداوە لێمان دەکڕی، عەرەب بوو، ئەویش لە چینەوە ئامێرەکانی دەهێنا."

بازرگانەکە بەپێی دانپێدانانەکانی خۆی، تەنیا ئامێری گزیکردنی نەفرۆشتووە، بەڵکو وەک دەڵێ "پرسیارەکانیش ئەگەر خوێندکار بیویستایە، پێمان دەفرۆشت، پرسیارەکان نزیکەی کاژێرێک بۆ نیو کاژێر پێش ئەوەی تاقیکردنەوە تەواو بێت، دەگەیشت. وەڵامەکانیش کەسوکاری خوێندکارەکان خۆیان پێیان دەگوتەوە، ئیدی برای یان هاوڕێی بوون."

ئەم بازرگانە لەماوەی سێ ساڵدا بە گوتەی خۆی 25 بۆ 30 ئامێری گزیکردنی فرۆشتووە، بەڵام ئەمساڵ پێش تاقیکردنەوەکان دەستگیرکرا، بۆیە هیچی نەفرۆشتووە.

گەنجەکە رەتیدەکاتەوە ئەو کەسانەی ئامێرەکەیان کڕیبێت، نمرەی بەرزیان هێنابێت، "دەڵێ ئەوپەڕی، بە 60ـیان هێناوە، ئەم ئامێرە هی نمرەی بەرز نییە."

لە کۆتایی گوتەکانیشیدا پەشیمانی دەردەبڕێت و ئاماژە بەوە دەکات چیدیکە بەنیاز نییە ئەو بازرگانییە بکات، چونکە "خۆمم خۆشتر دەوێت لەو کارە. نابێت بگیرێمەوە."

"پێش ئەوەی بیانفرۆشم، دەستگیرکرام"

یەکێکی دیکە لە بارزگانە دەستبەسەرکراوەکان، گەنجێکی دیکەی تەمەن 24 ساڵە، کە بە گوتەی خۆی لە کەرکووک لەڕێگەی پەیجێکەوە داوای هەندێک ماستەرکاردی تاقیکردنەوەکانم کردبوو کە بۆ گزیکردن بەکاردێت، "بەڵام لە کەرکووک کاتێک دەگەڕامەوە چەمچەماڵ، لە بازگەی بانی مەقان پشکنرام و دەستبەسەر کرام."

ئەو گەنجە، 10 ئامێری گزیکردنی پێگیراوە. قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ 10 هاوڕێی داوایان کردووە، ئەویش پشتئەستوور بە داواکارییەکەی ئەوان، ئامێرەکانی کڕیوە و پەیمانی بە 6ـیان داوە بۆیان بهێنێت.

هەریەک لەو ئامێرانە نرخی 175 هەزار دینار بووە،  دەڵێ ویستوویەتی "بۆ هەر یەکێکیان 50 هەزار دینار قازانجی بخاتەسەر."

ئەو گەنجە، ئاشنابوونی بە ئامێری گزیکردن بۆ ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە کاتێک پۆلی نۆی بنەڕەتی بووە، گوتی "خۆم بەم ئامێرە دەرچووم."

ماستەرکاردەکەی تایبەتە بە گزیکردن بە گوتەی گەنجە دەستبەسەرکراوەکە بەجۆرێکە، سیمکارتێکی دەخرێتە سەر، خۆی تەلەفۆن هەڵدەگرێت و هێدفۆنێکی بچووکی لەگەڵە، کە بەهۆیەوە دەنگ بۆ گوێت دەڕوات، بەڵام "ئەو پیاوەی لێم کڕیبوو، فێڵی لێ کردبووم، هێدفۆنەکەشی بۆ نەناردبووم."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ئەرشیڤیی ناوەندی شنگال، وێنە: سەمیر شنگالی - رووداو

ئەمڕۆ قایمقامى شنگال هەڵدەبژێردرێت و یەکێتیش بەربژێری هەیە

ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنى قایمقامێکى نوێ بۆ شنگال؛ پێنج کەس خۆیان بەربژێر کردووە و سەرجەمیشیان کوردی ئێزدین. یەکێتیش بەربژێری بۆ ئەو پۆستە هەیە.