دوایین کەمپی ئاوارەکان لە سلێمانی چۆڵ دەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
دوایین کەمپی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی چۆڵ دەکرێت و، بڕیارە ئاوارەکانی نێوی بە دوو کاروان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 30-06-2024) بە رووداوی گوت "دوێنێ 179 خێزانی کەمپی ئاشتی گەڕانەوەی زێدی خۆیان لە شنگال و پارێزگای سەلاحەدین."
هەروەها عەلی عەباس، بەرپرسی لقەکان و گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، ژمارەی ئەندامانی ئەو خێزانانەی دوێنێ گەڕانەوە 734 کەس بوو، کە خەڵکی پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین بوون.
ئێستا تەنیا 290 خێزان لە کەمپی ئاشتی ماون. بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت دەڵێ "بڕیارە ئەم هەفتەیە بە دوو کاروان سەرجەمیان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان."
هەر خێزانێکی ئاوارە کە بگەڕێتەوە، چوار ملیۆن دینار، تەلەڤیزیۆن، تەباخ و بەفرگرێکی پێدەدەرێت و پێداویستییەکانی نێو ماڵەکەیشی بێبەرامبەر بۆ دەگوازرێتەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت دەڵێ "ئەوە هاندانێکە تاوەکو ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان."
ئەمڕۆ، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کۆدەبێتەوە و یەکێک لەو بابەتانەی تاوتوێی دەکات داخستنی کەمپی ئاوارەکانە.
سکاڵاکە لەلایەن ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە. سکاڵاکار داوا دەکات دادگەکە هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان پابەند بکات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 30ـی تەممووزی ئەمساڵی وەک دوا کات بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان داناوە.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە هەرێمی کوردستاندا 23 کەمپ هەن.