دایکی تووشبوویەکی نەخۆشیی شێرپەنجە: بۆ چارەسەری کوڕەکەم لە دەرگەی مەرد و نامەردم دا


رووداو دیجیتاڵ

دایکی تووشبوویەکی شێرپەنجە دەڵێت، "بۆ چارەسەری کوڕەکەم، لە دەرگەی مەرد و نامەردم دا". کوڕەکەی بەو نەخۆشییە گیانی لەدەستدا و دەڵێت: "تەنیا یەک شەو ئەڵقەی لەدەست کرد". چیرۆکەکانی هاوشێوە زۆرن. باوکی نەخۆشێکی دیکە دەڵێت: "چاندنی ‏مۆخی منداڵەكەم 400 هەزار ‏یۆرۆی دەوێت، ئەو پارەیە لە ‏كوێ‌ پەیدا بكەم". 
 
پڕۆژەیاسای دڵنیایی تەندروستی لەلایەن ‏حكومەتی ‏هەرێمی كوردستانەوە ئامادەكراوە و دراوەتە پەرلەمانی ‏كوردستان، بەڵام دوای چەندین ساڵ هێشتا ‏نەبووەتە یاسا. ‏بە چاودێریی ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین ‏كۆمپانیای كەرتی تایبەت ‏كاری دڵنیایی تەندروستی ‌و بوارەكانی دیكەی ‏دڵنیایی دەكەن.‏
 
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان، ‏‏67 هەزار ‌و 707 كەس دڵنیایی ‏تەندروستییان كردوە ‌و كەمترین ‏پارەی ساڵانەی دڵنیایی تەندروستی ‏‏370 هەزار دینار ‌و زۆرترینیشی دەچێتە ‏ملیۆنێك ‌و 500 هەزار ‏دینار، بەڵام خاوەن کۆمپانیایەکی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەگەر دڵنیایی تەندروستی ببێتە ناچاری ‏بۆ هەموو کەس ‏یان لانی كەم بۆ فەرمانبەران، ‏بڕی پارەی ساڵانەکەی بە رێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت".
 
 
رۆژی یەکشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2024، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی سەروین ئیسماعیل، بەڕێوەبەری جێبەجێكار ‏لە ‏بەڕێوەبەرایەتیی ‏گشتیی ‏كاروباری دڵنیایی وەزارەتی ‏دارایی، ‏رەنج ئەكرەم، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسیا بۆ ‏دڵنیایی، ‏د. نەبی فەتاحی، شارەزای بواری دڵنیایی ‌و ‏مامۆستای ‏زانستە ‏‏پزیشكییەكان لە زانكۆی گوتێنبورگی سوێد، ‏دكتۆر سەروەر عارف، شارەزای دڵنیایی ‏تەندروستی ‌و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ‏سلێمانی و ‏مستەفا ئەبو قورە، بەڕێوەبەر گشتیی كۆمپانیای كار ‏بۆ ‏دڵنیایی، پرسی ئاییندەی کەرتی دڵنیایی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا.
 
"كە مردم لەلای خوا باسی دەكەم"
‏باوكی قوربانییەكی شێرپەنجە كە "بە مووچەیەکی كەم" ‏سەرپەرشتیی چێشتخانەی نەخۆشخانەی ‏هیوا دەكات، دەڵێت: "رۆژانە بەرامبەر ئەو ژوورەی لە نەخۆشخانەی هیوا كوڕەكەمی تێدا مرد، كار ‏دەكەم". ئەو ‏جەخت لەوە دەكاتەوە، مەبەستی ‏كاركردنی لە هیوا زیاتر خزمەتەكردنە نەک ‏پارە پەیداكردن.
 
باوکی ئەو قوربانییە لە چێشتخانەكەی نەخۆشخانەی هیوا وەك ‏وەستایەك كار دەكات و دەڵێت "ئەگەر ئەو كارە لە دەرەوە ‏بكەم، ‏زۆر زیاترم دەست دەكەوێت، بۆیە من مەبەستم خزمەتكردنە نەك ‏پارە ‏پەیدا كردن".
 
هاوکات وەستای چێشتخانەكەی نەخۆشخانەی هیوا باس ‏لە منداڵێكی ‏نەخۆش دەكات كە رۆژانە هۆگری بینینی ئەو بووە: "رۆژێك لەوێ‌ ‏نەبووم، زۆر چاوەڕێی كردبوو و بە باوكی ‏گوتبوو 'ئەگەر مردم لەلای خوا باسی ئەوە ‏دەكەم کە ئەو پیاوە چۆن ‏خزمەتی كردووم'."‏
 
"رۆژی دوای ژن مارەكردن تووشی شێرپەنجە بووە"
 
 
چیرۆكەكانی نەخۆشخانەی هیوا زۆرن، كاریگەرترینیان منداڵانن ‏كە بە ‏تەمەنێكی بچووكەوە تووشی دەردێكی كووشندە دەبن ‌و ‏خەرجی ‏هەریەكەشیان زۆر لە سامانی خێزانەكانیان زیاترە، ‏هەروەك باوكی منداڵێكیان گوتی: "چاندنی ‏مۆخی منداڵەكەم 400 هەزار ‏یۆرۆی دەوێت، ئەو پارەیە لە ‏كوێ‌ پەیدا بكەم". 
 
دایكێك كە لەم بەرنامەیەدا ‏ئامادەبوو بەگریانەوە گوتی: "ئەو رۆژی ژنم بۆ ‏كوڕەكەم ‏مارەكرد، بۆ رۆژی دوایی تووشی شێرپەنجە بوو، هەموو ‏شتێكمان بۆ ‏چارەسەری فرۆشت، نزیكەی 30 دەفتەر دۆلارمان لە ‏چارەسەركردنیدا خەرج ‏كرد، بەڵام دواجار هەر مرد". 
 
باوكێكی ‏دیكە دەڵێت: "تاوەكو ئێستا نزیكەی ‏‏20 دەفتەر دۆلارمان لە ‏چارەسەركردنی منداڵەكەماندا خەرجكردووە، هێشتا ‏چارەسەر ‏نەبووە"، ‏‏بەشی زۆری ئەوانەی لە ‏بەرنامەكەدا بەشدار بوون جەختیان لەوە کردەوە ‏"ئەگەر سیستمی دڵنیایی هەبووایە، هەرگیز بەو ‏جۆرەمان بەسەر ‏نەدەهات ‌و ئەو هەموو خەرجییەمان نەدەكرد". 

 

 
دڵنیایی تەندروستی لە ئوردن چۆن پێشكەوت؟
 
ئوردن یەكێك لەو وڵاتانەیە لە چارەسەركردنی نەخۆشییەکان لەسەر ‏ئاستی دنیا ناوبانگی هەیە، دەیان ساڵە دڵنیایی تەندروستی ‏لەو وڵاتەدا هەیە. مستەفا ئەبو قورە، ‏بەڕێوەبەر گشتیی كۆمپانیای كار ‏بۆ ‏دڵنیایی كە خەڵكی ‏ئوردنە، جەختی لەوە ‏كردەوە پرسی ‏دڵنیایی بابەتێكی بنەڕەتییە بۆ بەردەوامیی ژیان.
 
مستەفا ئەبو قورە پێیوایە دڵنیایی تەندروستی كارێكی قورس نییە و گوتی: "‏ئەگەر ‏بكرێتە ناچاری، هەموو مرۆڤێك مانگانە 25 بۆ 30هەزار ‏دیناری پێویستە، بەڵام دڵنیایی ناچاری لە ئوردن تەنیا بۆ ‏ئۆتۆمبێلە نەك بۆ كەرتی ‏تەندروستی".‏
 
دڵنیایی تەندروستی "كاریگەری لەسەر پێشكەوتنی ئابووری هەیە"
 
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای كار پێیوایە، دڵنیایی تەندروستی ‏كاریگەری لەسەر پێشكەوتنی ئابووریی هەر وڵاتێك دەبێت: "چونكە ‏جگە لە حكومەت، ‏كەرتی تایبەتیش لەو ‏چالاكییە ئابوورییە بەشدار دەبێت".
 
 
مستەفا ئەبو قورە گوتی: "لە ئوردن ‏خزمەتگوزاریی تەندروستیی ‏حكومەت بە هاوكاریی كۆمپانیاکانی تایبەتمەند ‏دەكرێت، چونكە بۆ ‏دڵنیایی تەندروستی، دەبێت كەرتی گشتی ‌و تایبەت ‏بەیەكەوە كار ‏بكەن".‏
 
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای كار ‏بۆ ‏دڵنیایی روونیدەکاتەوە: "دڵنیایی ‏تەندروستی ‏ئەوەیە خەڵكی پارەیەكی كەم دەداتە سندووقێك و دواتر ئەو ‏پارەیە بۆ خزمەتی ‏تەندروستی گشتیی بەكاردێتەوە". دەشڵێت: "ئەو بڕە پارەیەی بۆ ‏دڵنیایی تەندروستی وەردەگیرێ‌، ‏بەپێی تەمەنی كەسەكان دەگۆڕێت".
 
"دەبێ فەرمانبەران دڵنیایی تەندروستی بکەن"
 
بەپێی پڕۆژەیاسایەک، هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت ‏دڵنیایی ‏تەندروستی بكەن. بەڕێوەبەری جێبەجێكار ‏لە ‏بەڕێوەبەرایەتیی ‏گشتیی ‏كاروباری دڵنیایی وەزارەتی ‏دارایی دەڵێت: "بەپێی پڕۆژە‏یاسایەك كە لە 2020ـەوە كاری تێدا دەكەین ‌و ‏داومانەتە پەرلەمانی ‏كوردستان، هەموو فەرمانبەرێك دەبێت بەشداری ‏دڵنیایی ‏تەندروستی بكات".
 
سەروین ئیسماعیل گوتی: "بەپێی ئەو ‏پڕۆژەیەی ‏داومانەتە پەرلەمان، دڵنیایی تەندروستی بۆ فەرمانبەران ‏ناچارییە، بەڵام ‏بۆ هاووڵاتییان ئارەزوومەندانە دەبێت".
 
ئەوەی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ‏گشتیی ‏كاروباری دڵنیایی وەزارەتی ‏دارایی بووەتە مایەی نیگەرانی، ‏پڕۆژەیاساکە چوار ساڵە ‏لە پەرلەمان وەستاوە و وەکو سەروین ئیسماعیل ئاماژەی پێدەدات: ‏‏"داواكارین لەگەڵ دەستپێكردنەوەی ‏كارەكانی پەرلەمان، یەكەم هەنگاویان کارکردن بێت لەو پڕۆژەیاسایە".‏
 
"سوود لە ئەزموونی کۆریای باشوور وەردەگرین"
 
بەڕێوەبەرایەتیی ‏گشتیی ‏كاروباری دڵنیایی وەزارەتی ‏دارایی بۆ جێگریکردنی سیستمی دڵنیایی تەندروستی، بەشێک لە کادیرەکانی ناردووەتە کۆریای باشوور بۆ ئەوەی راهێنانیان پێ بکرێت.
 
حكومەتی ‏هەرێمی ‏كوردستان بۆ ماوەی 20 رۆژ ‏كادیرەکانی بۆ وەرگرتنی ئەزموون ‏ناردووەتە کۆریای باشوور. سەروین ‏ئیسماعیل دەڵێت: "ئەو ماوەیەی لە كۆریا بووین، ‏بۆ ئێمە ‏ئەزموونێكی نوێ‌ بوو، چونكە دڵنیایی تەندروستی‏ لە 1963ـەوە لە کۆریا دانراوە، سەرەتا ئارەزوومەندانە ‏بووە و دواتر هەنگاو بە هەنگاو كراوەتە ‏ناچاری".‏
 
لە كوردستان 15 كۆمپانیا لە بواری دڵنیایی كار دەكەن
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی، ‏لە ‏هەرێمی كوردستان 15 كۆمپانیای دڵنیایی هەن، لەو ژمارەیە هەشت کۆمپانیا ناوخۆیین و ئەوانی ‏دیكەش بیانی ‌و عێراقین.
 
سەروین ئیسماعیل ‏گوتی: "لە هەرێمی كوردستان ‏‏67 هەزار ‌و 707 كەس لەڕێگەی ‏ئەو كۆمپانیایانەوە خۆیان دڵنیایی ‏تەندروستی كردووە". دەشڵێت: "لە بواری ‏دڵنیایی، عێراق پێش ‏هەرێمی كوردستان كەوتووە، چونكە لە عێراق ساڵێكە ‏دڵنیایی ‏تەندروستی جێبەجێ‌ دەكرێت".‏
 
بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی رەتیدەكاتەوە هیچ كەس ‏سكاڵای ‏لەلای ئەوان لەسەر كۆمپانیاكانی دڵنیایی تۆمار كردبێت و دەڵێت، ئەوەندی چاودێرییان كردبن، ‏كۆمپانیاكان "كارەكانی خۆیان ‏بە باشی كردووە"
 
سەروین ئیسماعیل دەشڵێت: "لە ماوەی ساڵێکدا كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە ‏بواری دڵنیایی، نزیكەی ‏دوو ملیار دینار قەرەبوویان داوەتەوە خەڵكی".
 
"ساڵانە 400 هەزاری داوە و 60 هەزار دۆلاری لێ خەرجکراوە"
 
رەنج ئەكرەم، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسیا بۆ ‏دڵنیایی كە وەك یەكێك ‏لە ‏كۆمپانیاكانی دڵنیایی لە كوردستان كار دەكات گوتی: "تاوەكو ئێستا 16 هەزار ‏كەس لەلای ‏ئێمە دڵنیایی تەندروستی كردووە، لەو ‏ژمارەیەش 11 هەزاریان ‏عێراقین، هەموو ئەوانەش ساڵانە بڕە ‏پارەیەك دەدەنە كۆمپانیاكە. ئەگەر ‏نەخۆشكەوتن یان تووشی ‏رووداوێك بوون، پارەیەكی زۆر لە ‏چارەسەركردنیان خەرج ‏دەكرێت".
 
رەنج ئەكرەم دەڵێت: "كەس هەیە ‏ساڵانە 400 هەزار ‏دیناری داوە، كە نەخۆش كەوتووە پێنج بۆ شەش دەفتەر ‏دۆلارمان ‏تێدا خەرج كردوە".

 

 
بە گوتەی رەنج ئەكرەم، پارەی ‏دڵنیایی ‏تەندروستی بەپێی تەمەنی كەسەكان دەگۆڕێت: "لە ‏تەمەنی یەك ‏ساڵ بۆ 18 ساڵ، بۆ ساڵێك دڵنیایی تەندروستی نزیكەی ‏‏370 هەزار دینار ‌و ‏لە تەمەنی 18 بۆ 30 ساڵیش پارەی ساڵانە ‏‏500 هەزار دینارە ‌و بۆ تەمەنی ‏‏65 ساڵیش بڕی پارەكە ساڵانە ‏دەگاتە ملیۆنێك ‌و 500 هەزار دینار، بەڵام ‏ئەگەر هەموو خەڵك خۆیان دڵنیا بكەن، پارەی‏ ‏ساڵانە دەبێتە شتێكی رەمزی".‏
 
رەنج ئەكرەم باسی لەوە کرد کۆمپانیاکەیان 500 خاڵی چارەسەری ‏تەندروستییان ‏لە عێراقدا هەیە و زیاد لە 100یان نەخۆشخانەن، ئەو كەسەی دڵنیایی ‏تەندروستی هەیە، ئەگەر نەخۆشكەوت و لە ‏كوردستان چارەسەری نەبوو، ‏دەیبینە دەرەوەی وڵات. 
 
هەر بەپێی ‏قسەی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە، لە ‏‏2023دا نزیكەی حەوت هەزار ‏كەس، چوار ملیار‌ و 353 ملیۆن دیناریان ‏قەرەبوو وەرگرتووە: "هەر لە ساڵی 2023دا 400 ملیۆن دیناریان وەکو ‏قەرەبوو بۆ دڵنیایی ئۆتۆمبێل خەرج کردووە".
 
"دڵنیایی تەندروستی بۆ خەڵكی هەژارە"‏
 
دكتۆر سەروەر عارف، شارەزای دڵنیایی ‏تەندروستی ‌و نوێنەری ‏‏بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ‏سلێمانی باسی لەوە كرد: ‏"ئامانجی دڵنیایی تەندروستی بۆ خەڵكی ‏هەژارە، چونكە دەوڵەمەند ‏چارەسەری خۆی دەكات".
 
دكتۆر ‏سەروەر ئەوەی نەشاردەوە كە سیستمی ‏تەندروستیی عێراق لە ‏بنەڕەتدا باش بووە ‌و گوتیشی "ئەگەر دڵنیایی ‏تەندروستی نەبوو، ‏ناكرێت خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ نەخۆش بووەستێ‌، ‏تاوەكو ‏دڵنیایی تەندروستیی باش دروست دەبێت، وەزارەتی ‏تەندروستی ‏بەرپرسە لە چارەسەركردنی تەندروستی گشتی".‏
 
دكتۆر سەروەر جەخت لەوەش دەكاتەوە، بەردی بناخەی تەندروستیی ‏باش بە ‏دڵنیایی تەندروستی دروست دەبێت: "زەحمەتە ‏بەبێ‌ بوونی ‏دڵنیایی تەندروستی، كەرتی تەندروستی بەباشی ‏بڕوات". سەبارەت بە ‏دڵنیایی تەندروستی لە عێراقیش، بەپێی قسەی ‏ئەو پزیشكە، "حكومەتی ‏عێراق خۆی دڵنیایی تەندروستی دەكات و نەیداوەتە دەست كەرتی تایبەت".‏
 
نابێت دڵنیایی تەندروستی بدرێتە كەرتی تایبەت
 
 
‏د. نەبی ‏فەتاحی، شارەزای بواری دڵنیایی ‌و ‏مامۆستای ‏زانستە ‏پزیشكییەكان لە زانكۆ ‏گوتێنبورگ لە ‏سوێد لەگەڵ ئەوە نییە دڵنیایی تەندروستی بدرێتە كەرتی تایبەت و دەڵێت: "دڵنیایی بوارەكانی دیكە جگە لە تەندروستی، ئەگەر بدرێتە ‏كەرتی تایبەت هیچ گرفتێك نییە، بەڵام بۆ تەندروستی لەگەڵی ‏نیم، ‏چونكە راستە‌وخۆ پەیوەندی بە ژیان ‌و تەندروستیی ‏خەڵکەوە هەیە".‏
 
مامۆستاكەی زانكۆ نموونە لەسەر وڵاتی سوێد ‏دەهێنێتەوە كە ‏هەموو كەسێك بێ بەرامبەر دڵنیایی تەندروستی ‏دەدات ‌و دەشڵێت: "لە سوێد ‏لە ساڵێكدا تەنیا 180دۆلار دەدەیت بۆ ‏هەندێ‌ پێداویستی ‌و دەرمان، ‏خەرجییەكانی دیكەی تەندروستی ‏هەمووی لەسەر دەوڵەتە".
 
د. نەبی فەتاحی بە ئەركی حكومەتی دەزانێ‌ دڵنیایی تەندروستی بۆ ‏تاك ‏بە تاكی كۆمەڵگەكەی دابین بكات، چونكە وەك ئەو ئاماژەی پێدەدات: ‏‏"كەرتی تایبەت لە ‏خەمی لەشساخی ئێمە نییە، بەڵكو ‏كەرتی تایبەت وەبەرهێنانی ‏خۆی دەكات".