ئەو ژنەی لە دهۆک لەلایەن براکەیەوە سووتێندرا، گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

دوای مانەوەی بۆ ماوەی چوار رۆژ لە نەخۆشخانە، کوفان نووری تاهیر، کە لەلایەن براکەیەوە لێیدرابوو و دواتر ئاگری تێبەردرابوو، گیانی لەدەستدا. 
 
کوفان دایکی سێ منداڵ بوو، تەمەنی 35 ساڵ بوو و لە گەڕەکی مالتا لە دهۆک نیشتەجێ بوو کە دەکەوێتە سەنتەری شارەکەوە. 
 
د. شیرین ئەنوەر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتاویی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ کۆفان بەهۆی بەرزیی رێژەی سووتاوییەکەی گیانی لەدەستدا. 
 
رووداوی دەستدرێژیکردنە سەر ئەو ژنە لەلایەن براکەیەوە، ئێوارەی 26ـی ئەم مانگە روویدا. براکەی تەمەنی 45 ساڵان بوو.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هۆکاری رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی نێوان ئەو پیاوە و هاوژینەکەی خۆی بووە، هۆکاری کێشەکەیانی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە خوشکەکانی ئەو ژنەیان بۆ هێناوە بۆیە هێرشی کردووەتە سەر خوشکەکەی. 
 
پۆلیسی دهۆک ئەوکات لەبارەی رووداوەکە تەنیا ئەوەی گوتبوو، تۆمەتبارێک لە خوشکەکەی خۆیداوە و دواتر ئاگری تێبەرداوە و رایکردووە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە ناحیەی چەمانکێ لە سنووری ئامێدی دەستگیریان کردووە.