سکاڵایەکى دیکە دژی مەرجەکانى فرەژنى لە هەرێمى کوردستان تۆمار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سکاڵایەکى دیکە لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دژى مەرجەکانى فرەژنى لە هەرێمى کوردستان تۆمار دەکرێت، ئەوەش دواى ئەوەى سکاڵایەکى هاوشێوە لە دادگەکە لەسەر داواى سکاڵاکارەکە هەڵوەشێندرایەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ى حوزەیران، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عیراق بە فەرمى هەڵوەشاندنەوەى ئەو سکاڵایەى بڵاوکردەوە کە لەلایەن بەرهەم رەئووف عەلى، پارێزەرى راوێژکار پێشکێش کرابوو.
بەرهەم رەئووف بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "سکاڵاکەم لەسەر داواى قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کشاندەوە و ئەمڕۆش بە فەرمى لە دادگەکە سکاڵاکە هەڵوەشایەوە".
لە سکاڵاکەدا داواکرابوو هەموارێکى یاساى بارى کەسێتى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە کە لە ساڵى 2008 کراوە و تایبەتە بە فرەژنى.
بەگوێرەى ئەو هەموارە، حەوت مەرج دیاریکراون بۆ ئەوەى کەسێک بتوانێت ژنی دووەم بهێنێت، ئەگەرنا سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەى ساڵێک بێ ئەوەى دادوەر بتوانێت جێبەجێکردنى سزاکە رابگرێت و 10 ملیۆن دیناریش سزاى پێبژاردن دەدرێت.
شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دواى هەڵوەشاندنەوەى ئەو سکاڵایە، سێ پارێزەرى دیکە سکاڵایەکى هاوشێوەیان پێشکێش بە دادگەى فیدراڵى کردووە".
سکاڵاکاران داوا دەکەن مادەى یەکەمى هەموارى یاساى بارى کەسێتى ژمارە 15ى ساڵى 2008ى پەرلەمانى کوردستان بە نادەستووری بناسێنێت، بەو پێیەى بەگوێرەى سکاڵانامەکە، ئەو مادەیە پێچەوانەى بنەما جێگیرەکانى شەریعەتى ئیسلامە و بووەتە هۆى دروستکردنی کێشەى کۆمەڵایەتى.
شەرمین بەهجەت خدر گوتى: "وادەى دانیشتنى دادگە لەسەر ئەو بابەتە دیارینەکراوە، بەڵام پەرلەمانى کوردستان لەو سکاڵایە ئاگادارکراوەتەوە".
بەگوێرەى مادەى 7ى یاساى بارى کەسێتى کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق کارى پێدەکرێت، تەنیا دوو مەرج هەیە بۆ ئەوەى هاووڵاتی ژنی دووەم بهێنێت کە بریتین لەوەی گەیشتبێتە تەمەنى 18 ساڵى و دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەکە بدات.
مەرجەکانى هاوسەرگیریى دووەم بە گوێرەى هەموارەکەى هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە دەبێت ژنى یەکەم لە دادگە رەزامەند بێت، ژنى یەکەم تووشى نەخۆشى درێژخایەن بووبێت، پیاوەکە تواناى دارایی ئەوەى هەبێت زیاتر لە ژنێکى هەبێت و بۆ ئەوە بەڵگەنامە پێشکێش بە دادگە بکات، بەڵێننامەیەکیش بنووسێت کە دادوەر دەبێت لەنێوان ژنەکانیدا، ئەگەر ژنهێنانى دووەم پێچەوانەى مەرجەکان بێت سزا دەدرێت و دادوەریش تواناى راگرتنى ئەو سزایانەى نییە کە بەندکردنە تاوەکو ساڵێک لەگەڵ پێبژاردن بە بڕى 10 ملیۆن دینار.