مەسرور بارزانی: هەرچی لەتواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی دەیکەین

30-06-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و قایمقامەکان کۆبووەوە و رایگەیاند، "هەرچی لەتواناماندا بێت دەیکەین بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەم پارێزگایە".
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و بەردی بناخەی سایلۆی شارەکەی دانا. هەر لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگاکە، مەسرور بارزانی لە هاوینەهەواری ئەحمەد ئاوا لەگەڵ کەسایەتییەکانی هەڵەبجە، سەیدسادق، پێنجوێن و شارەزوور کۆبووەوە. دواتر چووە سلێمانی و لەگەڵ پارێزگار و قایمقامەکانی سنوورەکە کۆبووەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کەسایەتییەکانی پارێزگای هەڵەبجە، ئاماژەی بە گرنگیی ناوچەی هەورامان کرد کە مێژوویەکی دیاری لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستاندا هەیە و دەڤەرێکی گرنگی گەشتیاریشە.

 

 
سەرۆکوەزیران رایگەیاند، "ئێمە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بە ئەرکی سەرەکیی خۆمان دەزانین و هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ لە پێناو زیاتر گەشەپێدانی ئەم ناوچەیە و برەودان بە کارنامەی حکومەت لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و رەخساندنی هەلیکار بۆ گەنجەکانمان".
 
مەسرور بارزانی دوای هەڵەبجە، سەردانی باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی کرد و لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگار و قایمقامەکانی سنوورەکە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش بەشدار بوو.

 

 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و شار و ناوچەکان بکات" و دووپاتیکردەوە "هەرچی لەتواناماندا بێت دەیکەین بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەم پارێزگایە".
 
سەرۆکی حکومەت هەروەها سوپاسی کەرتی تایبەتی کرد کە هاوکار و یارمەتیدەر و پشتیوانیی کارنامەی حکومەت بوون لە بواری بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز لە هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە