قوباد تاڵەبانی: نابێ وەزارەتەکان لە ئامادەکردنی لیستی مووچە دوا بکەون

دوێنێ کاژێر 04:56
پەیمان محەممەد
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''نابێ وەزارەتەکان لە  ئامادەکردنی لیستی مووچە دوا بکەون و بیانوو بدەنە دەست حکومەتی عێراق". گوتیشی، "پۆستی پارێزگاری کەرکووک مافی یەکێتییە و داوای دەکات."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-06-2024، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''دەمێکە نیازم هەبووە سەردانی چەمچەماڵ بکەمەوە، هۆکاری سەرەکیی سەردانەکەشم بەسەرکردنەوەی ئیدارەی قەزاکە بوو.''
 
قوباد تاڵەبانی لە سەردانەکەیدا، پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵیشی بەسەرکردەوە و لەوبارەوە گوتی، ''پڕۆژەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تەواوی دەکەین، پارەی بۆ تەرخان دەکەین، لەم کارەدا حکومەت دواکەوت، بەڵام ئێستا ئێمە تەمویلی دەکەین و رێگە نادەین کێشەی نەختینەی هەبێت.''
 
پرسی هەڵبژاردن
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 20-10-2024ـی وەکو رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە. جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی دا، ''بیانوو نەماوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، هیوادارم لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، هیچ هۆکارێکی دیکە دروست نەکرێت، سیناریۆیەک یان فلیمێکی نوێ دروست نەکرێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.''
 
قوباد تاڵەبانی کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە گوتیشی، ''ئێمە دەمێکە ئامادەین، لە ئێمە گرنگتر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانن کە ئامادەن هەڵبژاردنێک بکرێت بۆ ئەوەی پەرلەمانێکی نوێ هەڵبژێرن و ئەو پەرلەمانەش متمانە بداتە حکومەتێکی نوێ کە باشتر خزمەتیان بکات.''
 
بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە هەزار و 500 بەربژێر رکابەرایەتی لەسەر کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، 22 پارتی سیاسی و دوو هاوپەیمانێتی خۆیان تۆمار کردووە، زیاتر لە 70 بەربژێری سەربەخۆ و 26 کەس بۆ کورسیی پێکهاتەکانیش خۆیان بەربژێر کردووە.
 
پرسی مووچە
 
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئایاریان وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا مووچەی ئەو مانگەی هێزە ئەمنییەکانی نەناردووە.
 
ئەوە لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 27ـی حوزەیرانی 2024، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی سەرجەم فەرمانبەران، خانەنشینان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بە شارستانی و سەربازییەوە رەوانەی بەغدا کردووە.
 
جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد، ''لیستەکە ئەمڕۆ گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی عێراق و پڕۆسەکەی تێپەڕاندووە، بۆیە هیوادارین گرفتی مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکانیش چارەسەر بکرێت، چاوەڕێی ئاکامی وردبینیی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دەکەین کە پێداچوونەوە بە لیستەکەدا بکات.''
 
قوباد تاڵەبانی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان ئەوەشی خستەڕوو، ''تاوەکو میکانیزمەکانی ناردنی لیست و هاتنی مووچە دەکەونە سەر دەور، لەوانەیە هەندێک کێشە و رۆتینات دروست بووبێت. ئەگەر ئەم پڕۆسەیە یەکجار بە تەواوی وردبینی بۆ بکرێت و متمانە بەو پڕۆسەیە کرا، دواکەوتنەکان نامێنن، لیست دەنێردرێت و پارەدار دەکرێت.''
 
جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ''نابێ وەزارەتەکان لە  ئامادەکردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی خۆیان دوا بکەون. ئەمانە هەموو هۆکارن بۆ ئەوەی بەغدا بۆشاییەک بدۆزێتەوە و پڕۆسەکە دوا بخات، ئێمە نابێ هیچ بیانوویەک بدەینە دەست ئەوانەی لە حکومەتی فیدراڵیدان و رەنگە حەز نەکەن پڕۆسەکە سەربکەوێت.''
 
بەشێک لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان ناڕازین کە وەک خۆی لەلایەن حکومەتەوە پشتگیری ناکرێن، قوباد تاڵەبانی لەوبارەوە گوتی، ''هەست دەکەم بەرەوە کۆتایی کێشەی مووچە دەڕۆین و شتێک نامێنێ بە ناوی کێشەی مووچە، ئەو کات حکومەت دەتوانێت توانا، بودجە و داهاتی خۆی تەرخان بکات بۆ باشتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان بەتایبەتی.''
 
پرسی پارێزگاری کەرکووک
 
چەند مانگێکە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆنەبووەتەوە و سەرەڕای هاتنەسەر هێڵی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە پێکنەهێندراوە و لایەنە سیاسییەکان لەسەر دەستنیشانکردنی پارێزگاری نوێ ناکۆکن.
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی دا، ''دەبێ پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک دابنرێت، هیوادارین ئەمە لە ئەنجامی پڕۆسەی گفتوگۆیەکی دۆستانەی نێوان هەموو لایەنەکان بکرێت، بەڵام لەوە گرنگتر یەکڕیزیی ماڵی کوردە لە کەرکووک.''
 
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکدا یەکێتى پێنج کورسیی بەدەستهێنا و براوەى یەکەم بوو، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، ''یەکێتی بەپێی ئەو دەنگە زۆرەی کە بەدەستیهێناوە، مافی خۆیەتی داوای پۆستی پارێزگار بکات و بە دڵنیاییەوە داواشی دەکات.''
 
جیا لە یەکێتی، لە هەڵبژاردنەکەدا هاوپەیمانیى عەرەبی سێ کورسیی بەدەستهێنا، هەریەک لە پارتى، بەرەى تورکمانى، هاوپەیمانیى قیادە دوو کورسییان بەدەستهێنا؛ هاوپەیمانیى عرووبە یەک کورسی و بابلیون کورسیى کۆتایی ئەنجوومەنەکەى بردەوە.
 
ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا
 
ئێوارەی رۆژی شەممە 29-6-2024، لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە نزیک سەنتەری دێرەلووک لە دهۆک بە دووریی 50 مەتر لە ماڵێک، گوللـە تۆپێک کەوتە خوارەوە. رووداوەکە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام ناوەناوە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە گوندەکانی بناری چیای مەتین چۆڵ دەکرێن.
 
جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد، ''من پێموایە ناکرێ هەر کورد سەروەریی عێراق بپارێزێت، دەبێ هەموو لایەنێک هەموو وڵاتێک کە عێراقی خۆش دەوێت یان نەیاری بێت، رێز لە سەروەریی عێراق بگرێت. ناکرێ ئەم هەموو پێشێلکارییە لە سەروەریی عێراقدا بکرێت.''

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی تەقینەوەکە و لۆگۆی ئاسایشی هەرێم.

دەزگای ئاسایش لەبارەی رووداوی ئۆتۆمبێلەکەی سلێمانی: تەقینەوە بووە

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی ئۆتۆمبێلەکەی سلێمانی دەڵێت، "تەقیوەتەوە" و تائێستا هۆکاری تەقینەوەکە دیار نییە. دەشڵێت لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.