رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە گەشتیارانی عەرەب بە چەپڵە و سەما چوونە سەیرانگەی ئەنیشکێ لە دهۆک و لە سێیەم رۆژی جەژندا دڵخۆشیی خۆیان دەربڕی. بەگوێرەی ئاماری گەشتوگوزاری دهۆک، لە دوو رۆژی جەژنی قورباندا زیاتر لە 40 هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگاکە کردووە.
بەشیر ئەحمەد، گەشتیار بە رووداوی گوت، "ساڵی خێر و خۆشییە بۆ گەلی عێراق، هەموومان براین، کورد و کریستیان و سابیئە و شیعە، هەموومان دەبێ یەک دەست بین."
محەممەد جەواد، گەشتیارێکی تەمەن 65 ساڵە و لە پارێزگای بابل لەگەڵ هاوڕێکانی چووەتە دهۆک و دەڵێت، سێیەم جاریەتی سەردانی شارەکە دەکات؛ دڵخۆشە بەو ئاوەدانییەی لە پارێزگاکە و هەرێمی کوردستاندا هەیە. ئەو گەشتیارە بە رووداوی راگەیاند، "لێرە ئاوەدانییەکی زۆر دەبینم، لێرە حەزی ژیان زۆرە، دەیان گرووپ بۆ گەشت دێنە ئێرە."
خاوەن شوێنە گەشتیارییەکان دەڵێن، هاتنی رێژەی زۆری گەشتیاران بۆ پارێزگای دهۆک، لە بەرژەوەندیی هەموواندایە.
فەریق سەبری، خاوەنی شوێنێکی گەشتیارییە لە دهۆک و دەڵێت، "ئێمە وەکو خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکان قازانج دەکەین لە هاتنی گەشتیار، خەڵک هەموو قازانج دەکات. ئێستا نزیکەی 30 کرێکار لێرە کار دەکەن، ئەمە بەواتای ئەوەی بژێویی 30 خێزان لەسەر ئەم ناوچە گەشتیارییەیە، هاوکات خاوەنی فڕن، دووکاندارەکان، شۆفێری تەکسی و هەموو خەڵک لە هاتنی گەشتیاران قازانج دەکەن."
لە رۆژانی جەژندا زۆرینەی خواردنگە و دووکانەکانی نێو بازاڕی دهۆک داخراون، ئەوەش بۆ گەشتیاران هەواڵێکی خۆش نییە.
خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێت، داخستنی چێشتخانە و بازاڕەکان بڕیاری خاوەنەکانیانە و لەو رۆژانەدا پشوو دەدەن، ئەو گەشتیارانەیشی لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقەوە دێن، بەرنامەی تایبەت بەخۆیان هەیە و زیاتر لە شوێنە گەشتیارییەکان خۆراک دەخۆن یان لەوێ ئامادەی دەکەن.
بەگوێرەی ئاماری گەشتوگوزاری دهۆک، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا یەک ملیۆن گەشتیار روویان لە پارێزگاکە کردووە و بەتەنیا لە دوو رۆژی یەکەمی جەژنی قورباندا زیاتر لە 40 هەزار گەشتیار چوونەتە دهۆک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ